سبەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەرکووک ئاشکرا دەکرێت

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ڕەوشی کەرکووک ھێشتا لەژێر مەترسیدایە، بڕیارە سبەی ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی رابردووی شاری کەرکووک ئاشکرا بکرێت.
نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: دوێنێ بەر لەوەی شاندی پەرلەمانی عێراق سەردانی شاری کەرکووک بکات ھەمەر و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە لە گەڕەکە کوردییەکان کشێندرانەوە، لیژنەی پەرلەمانی سەردانی لایەنی پەیوەندیدار و ماڵباتی شەھیدانی کەرکووکی کردووە و ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە لەسەر ڕووداوەکانی رۆژی 2ی ئەیلوولی شاری کەرکووک.
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: ھێشتا ڕەوشی کەرکووک لەژێر مەترسیدایە و کێشەکان چارەسەر نەکراون، ئێمەیش چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەین بۆ ئەوەی بزانین چی دەکرێت لەبارەی لێپرسینەوە لە تۆمەتبارانی ڕووداوەکانی کەرکووک.
نەجوا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بڕیارە سبەی ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی کەرکووک ئاشکرا بکرێت، ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و ڕێکارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین بەپێچەوانەوە بەردەوام دەبین لەسەر ھەوڵەکانمان بۆ کۆتایی ھێنان بە ڕەوشی ئالۆزی کەرکووک.
قائید میرۆ




