٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا كۆبووەوە‏

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا كۆبووەوە، پێوەندییەكانی نەمسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی ‏كوردستان، پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، كۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا و دواین ‏پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی، تاوتوێ كران.‏

ئەمڕۆ چوارشەممه‌ 13ـی ئەیلوول، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان، پێشوازی لە ئەلێكساندەر شۆڵنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا و ‏شاندێكی یاوەری كرد.‏

لە كۆبوونەوەیەكدا جێگرانی سەرۆك و بەرپرسی فەرمانگەی ‏پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حكوومەتی هەرێمی ‏كوردستان لە نەمسا ئامادەی بوون، پێوەندییەكانی نەمسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی ‏كوردستان، پێوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، كۆچی نایاسایی بۆ ئەوروپا و دواین ‏پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی، تاوتوێ كران.‏

نێچیرڤان بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پێوەندیی لەمێژینەی هەردوولا و ‏ستایشی پشتگیریی نەمسا لە هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی گەشتیی ‏ڕاستەوخۆی ئاسمانیی ڤیەننا ـ هەولێر، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە وەزیری ‏دەرەوەی نەمسا كرد بۆ دووبارەكردنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەكەیان لە بەغدا، ‏داوای كرد نوێنەرایەتییەك لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، هەروەها ئامادەیی ‏هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پێوەندییەكانی لەگەڵ نەمسا لە هەموو ‏بوارەكاندا دووپات كردەوە. ‏

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی نەمسا دووپاتی كردەوە، وڵاتەكەی بە ‏‏بایەخەوە لە پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و كار بۆ ‏‏ئەوە دەكەن نوێنەرایەتییەك لە هەولێر بكەنەوە، هەروەها دووپاتی لەوە ‏كردەوە كە ‏كەرتی تایبەتی نەمسایی خوازیارە وەبەرهێنان لە ‏هەرێمی كوردستان بكات. ‏لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕا بوون كە سەقامگیریی ‏سیاسی و تەناهی گرنگە بۆ ‏ڕاكێشانی سەرمایەگوزاریی بیانی و ‏پێشكەوتنی ئابووری. لەبارەی كۆچی ‏نایاساییش هەردوولا داكۆكییان لەوە كردەوە ‏كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆچی ‏ناسایی، دەبێ هاوئاهەنگیی هەمەلایەنە لە نێوان ‏وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەكەدا ‏هەبێت.‏

لەبارەی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە ‏كە دەبێ كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن و سیستمی فیدراڵی بە ‏تەواوی جێگیر ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆیەكی بنیاتنەر لەسەر بنەمای ‏لێكگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەر و تێپەڕاندنی كێشەكان بەڕێوە بچێت. هەروەها ‏دووپاتی لە پێوەندیی دراوسێیەتیی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پاراستنی ‏بەرژەوەندیی هاوبەش كردەوە.‏

هەواڵی پەیوەندیدار