شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ KDP: سبەی دەنگ بۆ بە پارێزگابوونی هەڵهبجە دەدرێت

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دهڵێ، بڕیارە لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پڕۆژە یاسای هێنانە کایەی پارێزگای هەڵهبجە بدرێت.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە و تێیدا بەپێی کارنامەی دانیشتنی کۆبوونەوەکە دەنگدان دەبێت لەسەر پڕۆژە یاسای هێنانە کایەی پارێزگای هەڵهبجەی شەهید.
لە13ی ئاداری ساڵی 2014چەند رۆژێک پێش یادی کیمیابارانکردنی هەڵهبجە بڕیاری بەپارێزگابوونی ئەوشارە بە فەرمیی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان درا، دواتریش پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵهبجە ئەمساڵ لە مانگی ئادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا و دواتریش رەوانەی پەرلەمانکرا بۆ پەسەندکردنی.
پڕۆژە یاسای بە پارێزگای بوونی هەڵهبجە لە چوار مادە پێکهاتووە، کە هەڵهبجە دەبێتە 19هەمین پارێزگا لە عێراق و لە سنووری هەرێمی کوردستان دەبێت و قەزاکەشی دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق سنووری ئیداری و یەکە ئیداریەکانی هەڵهبجە دەستنیشان دەکەن.
بڵند ئیبراهیم




