دزەیی بۆ KDP: پەیوەندیەکی پتەو و بەهێز لەنێوان هەرێم و نەمسا هەیە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، سەردانی وەزیری دەرەوەی نەمسا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە و هەردوو حکوومەتی هەرێم و نەمسا پەیوەندیەکی بەهێزیان هەیە و بڕیارە ئەمڕۆ کۆربەندێکی هاوبەشی ئابووری هەرێم و نەمسا سازبکرێت.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سەردانی وەزیری دەرەوەی نەمسا و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە پەیوەندیەکی پتەو و بەهێز لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نەمسا هەیە.
سەفین دزەیی گوتیشی، شاندێکی خاوەنکاری نەمسا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا هاتوون بۆ هەرێمی کوردستان و بڕیارە ئەمڕۆ کۆربەندێکی هاوبەشی ئابووری هەرێم و نەمسا سازبکرێت و دەرفەتی سەرمایەگوزاری و پسپۆری و شارەزای کۆمپانیاکانی نەمسا تێیدا دەخرێتە بەرچاو.
دزەیی باسی لەوەشکرد ، وەبەرهێنەرانی نەمسا لە هەرێمی کوردستان هەوڵدەدەن بۆ بەدەست هێنانی دەرفەتی سەرمایەگوزاری و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو ئاسانکاری و هاوکاریەک دەکات.
شەوی ڕابردوو ئەلکساندەر شالنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا بەسەردانێکی فەرمیی لەرێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرهوه گەیشتە هەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراهیم




