ئەکرەم ساڵح: لە پارێزگای سەلاحەدین ئامادەکاریمان بۆ ھەڵبژاردن کردووە
__2023_09_12_h15m49s54__ER.jpg)
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان ئاشکرایکرد، لەچوارچێوەی ھاوپەیمانییەکدا بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین دەکەن، گوتیشی: ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ سەرخستنی کاندیدی پارتی.
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ئێمە وەک پارتی لە پارێزگای سەلاحەدین ھاوپەیمانیمان لەگەڵ لیستی حەسبی وەتەنی کردووە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ژمارەیەک حزب و کەسایەتی لە لیستەکە بەشدارن کە لای ئێمە ناسراون، کاندیدێکی ئافرەتمان ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ڕێکەوتنی فەرمیی لەنێوان ئێمەدا ھەیە و ئیمزاکراوە، ھۆکاری ھاوپەیمانی ئێمە لەگەل ئەو لایەنانە بۆ کەمی ڕێژەی کورد دەگەڕێتەوە لە پارێزگای سەلاحەدین، چونکە ئەگەر کورد بە یەکگرتوویش بچێتە ھەڵبژاردنی ئەمساڵ دەنگی کورد بەشی کۆرسییەک ناکات.
بەرپرسی لقی 22ی گەرمیان گوتیشی: ئەو کەس و لایەنانەی لەنێو لیستەکەدان کەسایەتی دیارن و ھەڵوێستیان بەرامبەر بە کورد باشە، پەیوەندیشیان لەگەڵ پارتیمان ھەیە، لەبەر ئەوەیش لەچوارچێوەی ئەو لیستەدا بەشداری ھەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین دەکەین.
ئەکرەم ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: وەکو پارتی ھەر لە ئێستاوە ئامادەکاریمان کردووە و هەموو هەواێکیش دەدەین بۆ سەرخستنی کاندیدی خۆمان لە پارێزگای سەلاحەدین بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا، چونکە دەمانەوێ لەو ڕێگەیەوە خزمەتی خەڵک بکەین و نوێنەرمان ھەبێت لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین.
قائید میرۆ




