٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

13ی ئەم مانگە زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_  وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: بڕیارە لەم هەفتەیە زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لێبدرێت و پرۆسەی خوێندن دەستپێبکات، 17ی مانگیش لەناوەندەکانی خوێندن دەست بە خوێندن دەکرێت.

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئالان حەمە سەعید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: بڕیارە لە 13ی ئەم مانگە، رۆژی چوارشەممە، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لێبدرێت، تا ئێستا حکوومەتی عێراق شاییستە داراییەکانی مامۆستا و فەرمانبەرانیان نەناردووە، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ماموستایانین و لەگەڵ داواکارییەکانیانین، مووچە مافی ماموستایانە و پێویستە هەموومان پێکەوە کۆبینەوە و داوا لە عێراق بکەین مافی هەموو مووچەخۆران بدات، چونکە ئەوە کاریگەری لەسەر بازاڕیش هەیە، پێشتر ئێمە نەوتمان دەفرۆشت و بە داهاتی نەوت و ناوخۆ مووچەمان دابین دەکرد، ئەوەی ئێستا هەیە بەغدایە مووچەی نەداوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر هەموو مووچەخۆران هەیە، بۆیە خوێندن دەستپێدەکەینەوە بۆ ئەوەی ئەو دۆخە تێپەڕێنین، چونکە ئەم دۆخە بەردەوام نابێت و ناکرێت میللەتێک جینۆساید بکرێت، چونکە حکوومەتی هەرێم هەموو ڕوونکردنەوەیەکی بۆ بەغدا داوە و پێویستە  حکوومەتی عێراق مووچەی خەڵکی هەرێم بدات  و شایستە داراییەکان خەرج بکرێن.
ئالان حەمەسەعید گوتیشی: ناکرێت ئێمە زەنگی خوێندن لێ نەدەین لەبەر ئەو هۆکارە، بۆیە زەنگی خوێندن لێ دەدەین و17ی مانگیش لە ناوەندەکانی خوێندن دەست بە خوێندن دەکرێت، هەرکاتێکیش بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی دا ئەو کات ئێمەش مووچەی فەرمانبەرانی خۆمان دەدەین،  چونکە مووچەی مانگی حەوت و هەشت نەدراوە،  ئەوان باس لەوە دەکەن مووچە بەقەرز برێتە فەرمانبەران، ئەوەش لە هیچ پارێزگایەک نییە، چەندین پارێزگا کاتی خۆی لەدەستی داعش بوون مووچەیان دەدرا ، بۆیە ئەوەی دەکرێت ستەمە و دەبێ مامۆستا و فەرمانبەران مافیان بدرێت، عێراق شایستە داراییەکانی نەداوە بەڵام دەرگای گفتوگۆ کراوەیە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و پێویستە ئەوەش بکرێت.
گوتیشی: پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکەین و نیەتمان نییە ئازاری مامۆستا و فەرمانبەرانی خۆمان بدەین، داوا دەکەین دەوام بکەن، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار