٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول: پێویستە هەموو پێکەوە بەرگری لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوول بکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_   پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول باس لەوە دەکەن، دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوولن و خەبات بەردەوامە و پێویستە بە هەمووان پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەین، بۆیە با خەڵک دڵنیابێت بەسەر بەغدادا  سەردەکەوین و ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین.

پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول ، د.ناسح غەفوور ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: شۆڕشی مەزنی ئەیلوول جێگەی شانازی هەموو گەلی کوردە بەتایبەتی ئەوانەی بەشداریمان لەو شۆڕشەدا کردووە شانازی بەو ڕۆژەوە دەکەین، چونکە ئەو ڕۆژە بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر و لەژێر ئاڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریمان لەو شۆڕشە کرد و گەیاندمانە ئامانج، ئەو کاتە بەغدا ناچارکرا بۆ یەکەمجار دان بە مافی هەرێمی کوردستاندا بنێت لە چوارچێوەی عێراق، هەرچەندە دواتریش پەشیمان بوونەوە، بەڵام دانیان پێدانا.
د.ناسح غەفوور گوتیشی: ئێمە هیچ کاتێک لەگەڵ شەڕ نەبووین و لەگەڵ ئاشتەوایی بووین، ویستوومانە لەڕێگەی گفتوگۆ مافەکانمان وەرگرین بەتایبەت بارزانی نەمر و ڕێبازەکەی هەر پەنا بۆ گفتوگۆ دەبردرا، بەڵام لەناچاری شۆڕش بەرپا کرا، چونکە عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نەدەبوو و بەڵێنیان دەدا و پابەند نەدەبوون و جێبەجێیان نەدەکرد، بۆیە پەنامان بۆ شۆڕش برد بۆ ئەوەی پابەندیان بکەین و بەرگری لە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین، بۆیە پێویستە پەندێک لەو یادە وەرگرین کە دروشمی شۆڕش یان کوردستان یان نەمان بوو، پێکەوە بەرگریمان لە مافەکان دەکرد، ئێستاش بە هەمان شێوە پێویستە پێکەوەبین و یەکڕیزبین بۆ ئەوەی بگەینە ئامانج وەک چۆن لەشۆڕش بەهەمان شێوە بوو.
غەفوور باسی لەوەشکرد: ڕاستە ماویەک ئێمەیان ڕاگرت، بەڵام دووبارە شۆڕشی گوڵان دەستیپێکرد و توانرا هەرێمی کوردستان بگەیندرێتە ئەمڕۆ، بۆیە ئەگەر یەکڕیزبین و لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بڕۆین بێگومان دیسان دەتوانین ئەوەی خەباتمان بۆ کردووە بەدەستی بێنین.
سەدیق گۆرانی پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلول و گولانیش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێویستە هیچ کاتێک شۆڕشی ئەیلول لەبیر نەکەین و هەمیشە خوێنی شەهیدانمان لەیاد بێت و درێژەپێدەری ئەوخەباتە بین، چونکە قوربانی زۆر درا لەپێناو بەدیهێنانی مافی گەلی کورد، بۆیە دەستکەوتی ئەمڕۆ بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی شۆڕشی ئەیلولی مەزنە بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر.
سەدیق گۆران گوتیشی: عێراق زۆر جار دژی هەرێمی کوردستان خۆی تاقیکردۆتەوە، هیچ کاتێک سەرکەوتوو نەبووە، من دڵنیام ئەمجارەش بەغدا شکست دێنێت و خەڵکی هەرێمی کوردستان سەردەکەوێت، بۆیە داوا لە خەڵک دەکەم دڵنیابن و پشتڕاست بن کورد سەرکەوتوو دەبێت و ئەم دۆخەی هاتۆتە پێش تێدەپەڕێت و جارێکی دیکە کوردستان سەردەکەوێت، چونکە ئەمە جاری یەکەم نییە عێراق دەیەوێت دژایەتی کوردستان بکات.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار