٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆرێکی مێژوو: "شۆڕشی ئەیلوول یەکێکە لە شۆڕشە مەودا درێژەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست"

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ ٦٢ ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن تێدەپەڕێت، پسپۆرێکی مێژووش پێی وایە ھۆکاری سەرەکی بەرپاکردنی شۆڕش بۆ ھەڵگەڕانەوەی حکوومەتی عەبدولکەریم قاسملەکورد دەگەڕێتەوە، دەشڵێ: شۆڕشی ئەیلوول توانی ببێتە یەکێک لە شۆڕشە مەودا درێژەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

د. شوان خۆشناو، پسپۆری مێژوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ھەلگەڕانەوەی حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم لە بنەما سەرەکییەکانی شۆڕش، لەوانەش ئازادیە دیموکراسییەکان و یەکسانی نێوان نەتەوە و چینەکانی کۆمەڵگا، ھەر زوو ستەم دەستی پێکرد و لەڕووی ئابوورییەوە ناوچەکانی دھۆک و سلێمانی و ھەولێر پشتگوێ خرابوون لە خزمەت گوزاریەکان، لەڕووی پیشەسازی و کشتوکاڵ و ئابووری ھیچ گرنگییەکی بە کوردستان نەدەدا، ئەو پڕۆژانەی لە ناوەڕاست و باشووی عێراق ئەنجامدەدران کوردستانی لێ بێبەشکرابوو، لە ماددەی سێی دەستووری عێراقیشدا ھاتبوو کورد و عەرەب دوو نەتەوەی سەرەکی عێراقن ئەوەش کاری پێ ندەکرا، ئامانج لە هەمووی کەمکردنەوەی مافی کوردبوو، لەلایەکی دیکەوە خوێندن و زمانی کوردی پشتگوێخرا و ڕێگەیان نەدا کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان لە شەقلاوە بەڕێوەبچێت، ھەموو رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانیش داخران.

ئەو پسپۆرەی مێژوو گوتیشی: ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بەوەش نەوەستا، کەوتنە دەستگیرکردن و  ناچارکردنی کادیرانی حزب و کەسانی نەتەوەپەرستی عەرەب لە ڕۆژنامەکانی عێراق وتاری خراپیان دەنووسی و یاسای باجی زەوی ژمارە ١٥ی دەرکرد، خەڵکی کوردستان ناڕازی بوو لە حکوومەتی عێراق، کار گەیشتە ئەوە عەبدولکەریم قاسم دەستی کرد بە ھاندانی سەرۆک ھۆزەکانی کورد دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و ھاوکاری دەکردن بۆ ئەوەی دژایەتی گەلی خۆیان بکەن، لە ڕۆژی ٦ی ئەیلوول مانگرتنی سەرتاسەری بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، رۆژی ٩ی ئەیلوول ھێرشی عێراق بۆسەر کوردستان دەستیپێکرد.

د. شوان خۆشناو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لە رۆژی ١١ی ئەیلوول شۆڕش دەستیپێکرد بۆ بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان و بووە یەکێک لە شۆڕشە ماوە درێژەکان لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دیارە شۆڕشی ئەیلوول ھەندێک تایبەتمەندی خۆی ھەبوو لەوانەش ھۆکاربوو بۆ ڕووخانی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، درووشمی سەرەکی شۆڕش ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ عێراق بوو چەندین دەستکەوتی ھەبوو لەوانەش رێکەوتنی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠، شۆڕش توانی سەرکەوێت و ڕێککەوتنی ١١ی ئادار بەڵگەیەکی مێژووییە بۆ کورد، شۆڕشی ئەیلوول یەکێکە لە شۆڕشە گشتگیرەکانی کوردستان بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر ھەموو چین و توێژەکان تێیدا بەشداربوون.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار