مەسروور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە 9/11 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەممەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ ئەو ئاسانکاری و هاریکارییەی پێشکەشی زیارەتکارانی ئێرانی کرد کە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتنە عێراق و بەشدارییان لە چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا کرد.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شاری هەولێری کرد.
چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لەچوارچێوەی یاسای بودجە و دەستوور جێبەجێ کردووە و پێویستە حکوومەتی فیدراڵیش شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت.




