نابێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ببەسترێتەوە بە هیچ شتێکەوە و دەبی خەرج بکرێت

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، نابێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هیچ شتێکەوە ببەسترێتەوە و پێویستە ڕەوانە بکرێت.
مەسعود حەیدەر بریکاری وەزیرەی دارایی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: شرۆڤەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ یاسای بودجە دروست نییە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە یاساکەدا مانگانە 775 ملیار دینارە، نابێ ببەسترێتەوە بە هیچ شتێکەوە و دەبی خەرج بکرێت".
گوتیشی: "یاسای بودجە لە 1/1/2023، چووەتە بواری جێبەجێکردن، ئێمە دەبێ پردی پەیوەندی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دروست بکەین، هەندێک دەنگ هەن خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی و سەقامگیری کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی ناکەن".
مەسعود حەیدەر، گوتی: "دەبێ بەپێی یاسای چاودێری دارایی ئیش بکرێت و یاسای بودجە وەکوخۆی جێبەجێ بکرێت، رێگە بە هیچ کەسێک نەدرێت بەپێی میزاجی خۆی مامەڵە لەگەڵ بودجە بکات، بە بڕوای من زانیاری تەواو لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق نەدراوە".




