سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: یەکڕیزی تاکە رێگەی تێپەڕاندنی مەترسی و پاراستنی دەستکەوتەکانمانە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 62ـەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا لە پەیامکێدا دەڵێ وه‌ك چۆن یه‌كڕیزى و ته‌بایى، هێز و بنه‌ماى شۆڕشى ئهیلوول بوو، له‌م یاده‌شدا "جه‌خت له یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن و هاوكاریى نێوان ته‌واوى هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه."
دەقی پەیامەکەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:
له یادی 62 ساڵه‌ى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوولدا، سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكى ڕابه‌رى شۆڕش، بارزانیى نه‌مر و هه‌موو ئه‌و خه‌باتگێڕ و پێشمه‌رگه قاره‌مانانه ده‌نێرین كه له‌پێناو ئازادیى گه‌ل و وڵات‌دا گیانیان به‌خشى و له ڕێگه‌ى سه‌خت و دژوارى شۆرشدا ڕه‌نج و ماندوویییان كێشاوه. به‌وپه‌ڕى ڕێز پێ‌زانین و شكۆدارییه‌وه، به بیریان ده‌هێنینه‌وه.
شۆڕشى مه‌زنى ئهیلوول، دایكى شۆڕشه‌كانى كوردستانه كه بووه هه‌ڵگرى به‌ها باڵاكانى گه‌لێكى سته‌مدیده و تینووى ئازادى و سه‌رفرازى. بووه كۆكه‌ره‌وه و ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى و كولتووریى هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان. بووه هیوا و ئومێدێكى مه‌زن، ئاگایى و هه‌ست و وشیاریى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى زیندوو كردووه. بووه دۆز و داواى مافه ڕه‌واكانى گه‌لێك كه به یه‌كڕیزى و ته‌بایى، ئاماده‌ى هه‌موو قوربانیدانێك بوو تا بگاته سه‌ركه‌وتن و ئامانجه باڵاكانى و ڕه‌وایه‌تى و ده‌نگى خۆى به هه‌موو جیهان گه‌یاند.
گه‌لى كوردستان له شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوودا به بڕوا و به‌ره‌نگارى و گیانفیدایى و خوێن و قوربانى، یه‌كێك له سه‌رسه‌ختترین ڕژێمه خوێناوییهكانى ناوچه‌كه‌ى به چۆكدا هێنا و ناچارى كرد دان به مافه‌كانیدا بنێت. وێڕاى گهلهكۆمهكیى نه‌یاران له دژى شۆڕش و نسكۆش، مه‌شخه‌ڵى شۆڕش هه‌رگیز نه‌كوژایه‌وه و ده‌ستكه‌وته‌كانى شۆڕش بوونه بناغه‌ى هه‌موو ده‌ستكه‌وت و مافه ده‌ستوورییه‌كانى دواترى گه‌لى كوردستان.
وه‌ك چۆن یه‌كڕیزى و ته‌بایى، هێز و بنه‌ماى شۆڕشى ئهیلوول بوو، له‌م یاده‌شدا جه‌خت له یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن و هاوكاریى نێوان ته‌واوى هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌مه تاقه ڕێگه‌ى تێپه‌ڕاندنى ئاڵنگارى و مه‌ترسى و سه‌ختییه‌كان و پاراستنى فیدراڵى و ماف و ده‌ستكه‌وته ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هێنانه‌دیى ئێستا و داهاتوویه‌كى باشتره بۆ گه‌لى كوردستان.
دروود و سڵاو بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى شۆڕش و ته‌واوى شه‌هیدانى ڕێگه‌ى ئازادى.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2023/9/11




