عیرفان کەرکوکی: پێکھاتە ڕەسەنەکانی کەرکووک لەگەڵ پێکەوەژیاندان

سکرتێری پارتی گەلی تورکومان پێی وایە ڕەوشی کەرکووک بەھۆی ھاوردەکردنی ھێزی بیانی ئاڵۆزی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێ، دەشڵێ: کورد و عەرەب و تورکومانی ڕەسەنی کەرکووک لەگەڵ پێکەوەژیان و برایەتیدان.
عیرفان کەرکوکی، سکرتێری گشتی پارتی گەلی تورکومان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ھێزی دەرەوەی کەرکووک ھاوردەی کەرکووک کراون و خۆپیشاندانەکەی لەبەر داخستنی ڕێگا ئەنجامدرا، ھاووڵاتی سڤیل نەبوون بەڵکو ھێزی چەکداربوون و دەیانەیست ڕەوشی کەرکووک زیاتر ئالۆز بکەن، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا لەلایەک و لەلایەکی دیکە ڕێککەوتنی نێوان پارتی و سودانی دەبوو بارەگاکانی پارتی ڕادەستی ئەو حزبە بکرێنەوە و سودانی نووسراوی کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگاکان، بەڵام دەستێک ھەیە دەیەوێ ڕەوشی کەرکووک تێکبدات و ئالۆزی و پشێوی دەنێتەوە.
سکرتێری گشتی پارتی گەلی تورکومان گوتی: ئەو دەستەیە ھەوڵ دەدات برایەتی و پێکەوەژیانی خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک تێکبدات، ھەموو نەتەوە ڕەسەنەکانی کەرکووک لەگەڵ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک و برایەتی و پێکەوەژیانن، بەڵام ئەو ھێزەی لەدەرەوەی کەرکووک ھاتووە ئاستەنگ بۆ ئەو پێکەوەژیان و برایەتییە دروست دەکات.
عیرفان کەرکوکی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: کۆکردنەوەی ئەو ھەموو ھێزە سەربازییە جێگەی گومانە لەنێو کەرکووک، چونکە کەرکووک پۆلیسی ناوخۆی ھەیە و لە ھەموو پێکھاتەکان پێکهاتووە، کەچی چەندین جۆرە ھێز لە کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە، ئەوەیش زیاتر ڕەوشەکەی ئالۆز کردووە، هەتا کەرکووک لەژێر دەسەڵاتی ئەو خەڵکە بێت کە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر ھاوردەکراوە ڕەوشی کەرکووک سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ، ئەو لایەنەی بەناوی تورکومانی کەرکووک قسە دەکات نوێنەرایەتی تورکومانی ڕەسەنی کەرکووک ناکات و بۆ لایەنی عەرەبیش بەھەمان شێوە.
قائید میرۆ




