"بۆردێکی تایبەت بڕیار لەسەر چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە دەدات"

لە وەزارەتی شەھیدان بۆردێکی تایبەت لەبارەی دیارکردنی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە پێک ھاتووە و گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێ: ھەر کەیسێکی منداڵی ونبوو دروست ببێت ئەوە بۆردی وەزارەت دوای پشکنین و بەدواداچوون بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەری دەدات.
عادل حەمە ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەھیدان بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بۆردێکی باڵا لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسی منداڵە ونبووەکان پێک ھاتوە بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان، بۆردەکە لەلایەن وەزیری شەھیدانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ھەر کەیسێکی منداڵی ونبوو دروست ببێت بۆردی وەزارەت بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدات، ژمارەیەک کەسی شارەزا و پسپۆر لە بۆردەکەدان.
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان گوتیشی: ژمارەیەکی زۆری خێزانەکانی ھەڵەبجە لە سەردەمی کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە منداڵەکانیان لەدەستداوە و چارەنووسیان دیار نییە، لە دوای ڕاپەڕینەوە چەندین کەیس ھەبووە لەسەر منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە.
عادل حەمە ساڵح ڕوونیکردەوە: لەمەودوا لایەنی سەرەکی دیارکردنی چارەنووسی ھەر منداڵێکی ونبووی ھەڵەبجە ئەرکی بۆردی منداڵە ونبووەکانە و تەنیا بۆردەکە دەتوانێت چارەنووسی منداڵەکە یەکلا بکاتەوە، ئەویش دوای پشکنین و بەدواداچوونی دروست لەسەر کەیسەکە، ئەوەیش ئێستا کێشەی لەسەرە و لە میدیاکان زۆر بڵاوبووەتەوە بۆردی وەزارەت یەکلای دەکاتەوە.
قائید میرۆ




