٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"تێرمیناڵێکی نێودەوڵەتی لە سۆران دەکرێتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

دروست کردنی تێڕمیناڵی نێودەوڵەتی یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، گوتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەڵێ: سۆران پێویستی بە تێرمیناڵی نێودەوڵەتی ھەیە چونکە دەکەوێتە سەر سنووری سێ وڵات.

ھەژار حەکیم، گوتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: کردنەوەی تێرمیناڵی نێودەوڵەتی سۆران لە ھەگبەی پڕۆژەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندایە، چونکە سۆران دوای بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆ پێویستی بە ھەندێ پڕۆژەی ستراتیژی ھەیە، یەکێک لەوانەش دروستکردنی تێرمیناڵێکی سەردەمیانەیە.

گوتەبێژی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: دورستکردنی تێرمیناڵی سۆران بڕیاری لەسەر دراوە و تا ئێستا ژمارەیەک وەبەرھێنەریش سەردانی لایەنی پەیوەندیداریان لە سۆران کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.

ھەژار حەکیم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئیدارەی سۆران ل ڕووی جوگرافییەوە ھەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە بە ئێران و تورکیا، دوو دەروازەی سنووری ھەیە و دەروازەی سێیەمیش بڕیارە بکرێتەوە بۆیە ڕۆژانە ھاتوچۆیەکی زۆر لە سنوورەکە هەیە، ژمارەیەکی بەرچاوی گەشتیار لە ھەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا سەردانی سۆران دەکەن، هاووڵاتییانی ئێمەش گەشت دەکەن بۆ ئەو دوو وڵاتە، بۆیە ئیدارەی سۆران ھەوڵ دەدات تێڕمیناڵی سۆرانی نێودەوڵەتی دروست بکرێت.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار