٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە بەردەڕەش و شێخان دوو کۆمەڵگای ڕۆشنبیری و هونەری دروست دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک_KDP.info_ بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک گوتی: بڕیارە لە هەردوو قەزای بەردەڕەش و شێخان دوو کۆمەڵگای ڕۆشنبیری و هونەری دروست بکرێن، چاوەڕێین بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت بۆ ئەوە جێبەجێ بکرێن.

بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک، ئەمیر عەلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوو کۆمەڵگای رۆشنبیری و هونەری لە هەردوو قەزای بەردەڕەش و شێخان دروست دەکرێن، پێش چەند مانگێک ئەو پێشنیارەمان داوەتە هەردوو قایمقامیەتی بەردەڕەش و شێخان، دیزاینی بۆ دروستکراوە و بڕیارە لەسەر بودجەی گەشەپێدانی پارێزگا دروست بکرێن، ئێمەش لەگەڵ هەردوو قایمقام قسەمان کردووە و لە دواین سەردانی سەرۆک بارزانیش بۆ هەردوو قەزاکە ئەو بابەتە باسکراوە، چونکە ئەو دوو قەزایە هۆڵی پێویستیان نییە و پێویستە بۆیان دروست بکرێت.

ئەمیر عەلی گوتیشی: ئامادەکاری کراوە و پرۆپۆزەلیشمان پێیان داوە، بۆیە هەرکاتێک بودجە تەرخان کرا دەست بە دروستکردنیان دەکرێت، ئێمە دەمانەوێت تەنیا هۆڵ نبن بەڵکو دوو کۆمەڵگابن و هۆڵی دیکەشی لەگەڵ دروست بکرێت بۆ چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری، پارکیشی لەگەڵ بێت، بۆیە ئێمە بەوشێوەیە داوامان کرد ئەوەش لەسەر بودجەی تەرخانکراو دەمینێت، بەڵام دروستکردنیان پەسەندکراوە و دروست دەکرێن.
لە سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ دەڤەری بادینان سەردانی هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەشی کرد و خەڵک داوایان کرد دوو هۆڵی بۆنەکان دروست بکرێن، سەرۆک بارزانی داواکەیانی قبول کرد، بۆیە بڕیارە ئەو دوو هۆڵە لە هەردوو قەزاکە دروست بکرێن.

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار