دکتۆر هەڤاڵ: نزیکەی 60 پڕۆژەی گەشتیاریمان هەیە و دەمانەوێت کۆمپانیا بیانییەکان کاری لەسەر بکەن

هەولێر_KDP.info_ لە هەولێر کۆنفرانسی تایبەت بە وەبەرهێنان و گەشتیاری بە ئامادەبوونی نوێنەری چەندین وڵات و کونسولی وڵاتان دەستی بەکارەکانی کرد، بەڕێوەبەری گشتی مۆڵەت لە دەستەی گشتی وەبەرهێنانیش گوتی: مەبەست لەو کۆنفرانسە ئەوەبوو کۆمەڵێک پڕۆژەی گەشتوگوزاریمان هەیە دەمانەوێ کۆمپانیا بیانییەکان بێن کاری لەسەر بکەن.
بەڕێوەبەری گشتی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر هەڤاڵ سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ کۆنفرانسێکی وەبەرهێنان و گەشتیاری لە هەولێر دەستیپێکرد، مەبەست لەو کۆنفرانسە نمایشکردنی کۆمەڵێک دەرفەتی وەبەرهێنان بوو لە بواری گەشتوگوزار بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بێن کاری لەسەر بکەن کە ژمارەی دەگاتە 60 پڕۆژەی گەورە و لە تەواوی هەرێمی کوردستان کاریان بۆ دەکرێت.
دکتۆر هەڤال سدیق گوتیشی: پڕۆژەکان جۆراوجۆرن لە بواری گەشتیاری، چەندین وڵاتی عەرەبی و کونسولخانە بەشداربوون، ئەمڕۆ نمایشی پڕۆژەکان کرا و هەندێک ڤیدیۆ نمایشکران، دواتریش بەمەیدانی چوون سەیری پڕۆژەکان بکەن، سبەیش لە دووەم ڕۆژدا کە کۆتایی بە کۆنفرانسەکە دێت هەندێک داواکاری دیکە نمایش دەکرێن.
بڵند ئیبراهیم




