٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتی زانایان بۆ KDP: ئێمە لە پارکی نەورۆز ئامادەین بۆ مافی خەڵک

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- سەرۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان لقی دھۆک و یەکێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی دھۆک دەڵێت، ئەرکی ھەموو تاکێکە ئەمڕۆ لە خۆپێشاندانی فراوانی خەڵکی پارێزگای دھۆک بەشداربن بۆ ئەوەی داوای مافی خەڵکی خۆمان بکەین و پەیامێکی ئاشتیانە ئاراستەی عێراق بکەین کە چیتر مافی خەڵکی خۆمان زەوت نەکرێت و مافەکانیان بدەن، بۆیە ئێمەش وەکو مامۆستایانی ئایینی بەشدارین لەو خۆپێشاندانە.

دکتۆر جیھاد حەسەن، سەرۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان لقی دھۆک و یەکێک لە رێکخەرانی خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەکو مامۆستایانی ئایینی ئەمڕۆ بەشدارین لە خۆپێشاندانە گەورەکەی دھۆک و ھێشتا کاتیش ماوە ئێمە لەوێ ئامادەیین لە پارکی نەورۆز لە دھۆک، چونکە ئەوە پەیوەندی بەمافی خەڵکی خۆمانەوە ھەیە بەتایبەت بوودجە و مووچەی خەڵکی خۆمان نادرێت کە ئەوە غەدرێکە لەخەڵکی خۆمان دەکرێت، بۆیە ھەموو چین و توێژەکان بەشدار دەبن بۆ ئەوەی مافی خەڵکی خۆمان چیتر دوانەخرێت و بدرێت، ھەروەھا ئەمڕۆ نامەیەکی ئاشتیانە ئاراستەی بەغدا دەکەین، داوا دەکەین چیتر مافی ئێمە زەوت نەکرێت بەتایبەت مافە داراییەکان وەکو بوودجە و مووچە".

دکتۆر جیھاد حەسەن گوتیشی: "لەنامەکەی خۆمان بۆ بەغدا داوای مافی دەستووری و یاسایی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بۆ ئەوەی چیتر غەدر لەخەڵکی خۆمان نەکرێت، بۆیە داوا لەخەڵکی خۆمان دەکەین بەشداربن لەو خۆپێشاندانە کە ئەرکی ھەمووانە، چونکە ئەو داواکاریانە پەیوەندی بە ھەموو تاکێکی خەڵکی کوردستانەوە ھەیە، بۆیە وەکو ھاندانێکیش بۆ خەڵک بەشداربێت ئێمە ھەر لەئێستاوە ئامادەین لە شوێنی خۆپێشاندانەکە و داوا دەکەین بێن بەشداربن و داوای مافی خۆیان بکەن".

بڕیارە خۆپێشاندانەکە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەپارکی نەورۆز لە دھۆک بە بەشداری ھەموو چین و توێژەکان دەستپێبکات و ھەر لەئێستاوه‌ خەڵک دەڕوات بۆ ئەوەی بەشداری تێدا بکات.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار