"لە دھۆک زیاتر لە سەد پڕۆژە لە جێبەجێکردن دان"
_(1)__2023_09_04_h17m18s37__HK.jpg)
بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانییەکانی دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لە سنووری ٤٦ شارەوانی دھۆک زیاتر لە سەد پڕۆژە لەژێر جێبەجێکردنن، لە ڕۆژانی داھاتوو ٣٠ پڕۆژە تەواو دەکرێن و دەخرێنە خزمەت ھاووڵاتییان.
ئەمیر ئەترۆشی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانییەکانی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لە سنووری ھەر ٤٦ شارەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی دھۆک ١٠٥ پڕۆژە بە گوژمەی ٤٩ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن، بەشێک لە پڕۆژەکان لەسەر بودجەی پارێزگای دھۆک و بەشێکی دیکەیان لەسەر بودجەی شارەوانی و گەشەپێدانی ھەرێم جێبەجێ دەکرێن.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی شارەوانییەکانی دھۆک گوتیشی: پڕۆژەکانی شارەوانییەکانی دھۆک زیاتر بوارەکانی دروستکردن و قیڕتاوکردنی ڕێگاکانی سنووری شارەوانییەکان و ئاوەڕۆ و چەندین بواری دیکە دەگرێتەوە، نزیکەی ٣٠ لەو پڕۆژانە لە قۆناغی کۆتایی دان و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییانی دھۆک.
ئەمیر ئەترۆشی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: تەواوبوونی ئەو ١٠٥ پڕۆژەیە کاریگەری لەسەر ڕەوشی خزمەتگوزاری دەبێت، بێگومان ئەگەر بودجەی پێویستمان لەبەردەستبێت بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی دھۆک بۆ ھەموو دەڤەرەکان پڕۆژەی زیاتری ھەیە و بەپێی توانا درێغی ناکەین بۆ گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری.
قائید میرۆ




