لە وڵاتان خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمی هەرێمی کوردستان هەیە

ئاکرێ_KDP.info_ پارێزگاری دهۆک دەڵێت: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدرێت، ئێستا چەندین جۆری بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی دەرەوە دەکرێت و خواستێکی زۆریشی لەسەرە، مۆڵەتیشمان داوە بۆ ئەوەی کارگەیەکی سماق دروست بکرێت.
پارێزگاری دهۆک ، دکتۆر عەلی تەتەر ، لە میانەی فیستیڤاڵی بەرهەمی ناوخۆ لە ئاکرێ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: یەکەم جارە لە ئاکرێ پێشانگای بەرهەمی خۆماڵی دەکرێتەوە و پشتگیری تەواویان دەکەین، ئەم پێشانگایە دەبێتە ساڵانە و ساڵ بە ساڵ زیاتر فراوان دەکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمی باشتر و کوالیتیتر لە ئاکرێ و بەردەڕەش بەرهەم بێت، ئەمڕۆش بەرهەمی زۆر باش نمایش کرابوو وەکو تەحین، هەنگوین و باشترین جۆری پەتاتە کە پەتاتە بەم جۆرە کەمە، چەندین جۆری دیکەی بەرهەم نمایش کرابوو، بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئاکرێ و دهۆک پشتگیری خۆی بۆ کەرتی کشتوکاڵ ڕاگەیاند و لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێزیان ئەو پێشانگایە کراوەتەوە و دەکرێتە ساڵانە.
دکتۆر عەلی تەتەر گوتیشی: خۆم بینیومە بەرهەمی خۆمانە لە ئەمەریکا و ئەورپا لە هەندێک فرۆشگاکان دەفرۆشرێت و پێویستە خەڵکی خۆمان بەرهەم زیاتر بکەن و هەناردە زیاتر بێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت و ویستی هاووڵاتییان مۆڵەتی دروستکردنی کارگەیەکی سماقمان داوە و دووپاتی دەکەینەوە هەر کارێک پێویست بێت ئێمە ئامادەین ئەنجامی بدەین و پشتگیریشی دەکەین.
هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ لەسەر وەرزەکان دەوەستێت و خواستێکی زۆری لەسەرە، بە پلەی یەک برنج، تەحین، سماق، هەنار، پەتاتە و زۆر میوەی وشککراو دێن، بۆ سەردانی خۆشمان بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا داوامان لە زۆر وڵات کردووە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ وەڵامیان زۆر باش بوو و ئامادەییان نیشانداوە لەماوەیەکی نزیکدا بەرهەمی زیاتر هەناردە دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم




