ڕۆشنبیران، رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دھۆک پشتگیری کەرکووکییەکان دەکەن
_(1)__2023_09_03_h17m9s23__HK.jpg)
ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەکی بەرچاوی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی مەدەنی لە شاری دھۆک بۆ پشتگیری خەڵکی کەرکووک گردبوونەوە و لە یاداشتێکدا ڕایانگەیاند: پشتگیری ھەڵوێستی نەگۆڕی ھەر کوردێک دەکەین، ئەوەی ڕوویداوە لە ئەنجامی سیاسەتی خۆسەپێنییەوەیە.
لە یاداشتی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی دھۆکدا ھاتووە: ڕووداوەکانی دوێنێی کەرکووک لە ئەنجامی سیاسەتی خۆسەپێنییەوە لەلایەن ھەندێک گروپی ھاوردەکراو ئەنجامدراون، لای ھەموو لایەک ئاشکرایە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەبەر چاوی جیھان کوردانی کەرکووک دەستگیر دەکرێن و سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی کوردەوە دەکرێت، ھەروەھا دەست بەسەر سامان و مولک و ماڵی کورددا دەگیرێت، بەناوی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دھۆک داوا لە سەرکردایەتی کوردستانی دەکەین پشتیوانی لە داوا ڕەواکانی کوردانی کەرکووک بکەن و ناکۆکی حزبی وەلا بنێن.
ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دھۆک دەڵێن: حکوومەتی فیدڕاڵ بە بەرپرسیار دەزانین لە ڕەوشی ئێستای کەرکووک و پێویستە حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی لە پاراستنی کورد و پێکھاتە ڕەسەنەکانی کەرکووک جێبەجێ بکات، ھەروەھا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی وڵاتان دەکەین ڕەوشی سەپێندراوی کەرکووک قبووڵ نەکرێت و ھەڵوێستیان ھەبێت و ڕێ لە گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە کەرکووک بگرن.
ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانەی دھۆک ڕایانگەیاند: پشتیوانی خۆمان بۆ خوشک و براکانمان لە کوردانی کەرکووک دووپات دەکەینەوە و سەرەخۆشی خۆمان دەگەیەنینە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و دووپاتی ھەلوێستی نە گۆڕی ھەر کوردێک دەکەین و دەڵیێن: ئەگەر کوردێکیش لە کەرکووک نەمێنێ کەرکووک ھەر کوردستانییە.
قائید میرۆ




