هەولێر دەبێتە دەستەخوشكی شاری ناشڤیڵ

ھەولێر-KDP.info- دواى ئەوەى ئەنجوومەنی شارەوانیی ناشڤێڵ بە زۆرینەی دەنگ، شاری هەولێری وەك دەستەخوشك پەسند كرد، بە مەبەستی پەرەپێدانی پێوەندییەکان و واژووکردنی ڕێککەوتنى دەستەخوشکیی نێوان هەولێر و ناشڤێڵ، شاندێكی پارێزگای هەولێر سەردانی ئەمریکا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێكی پارێزگای هەولێر بە سەرۆكایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەرەو شارى ناشڤێڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێ کەوتن و لە سەردانەکەیاندا چەندین دیدار و چاوپێكەوتنیان دەبێت لەگەڵ كەسایەتی و گەورەبەرپرسانی وڵاتەکە.
جێگەى باسە، بە واژووکردنى ئەم ڕێککەوتنە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، دەبێتە دەیەمین دەستەخوشكی شاری ناشڤیڵ لە جیهان و یەكەمین شاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دەستەخوشكبوونی هەردوو شاری هەولێر و ناشڤێل، ڕۆڵێكی گەورە لە بەرەوپێشچوونی پێوەندییە كولتووری، شارەوانی، پەروەردە، تەندروستی، هونەری و وەرزش و سێكتەرەكانی تری نێوان هەردوولادا دەگێڕێت. زیاتر لە 25 هەزار كورد لە ناشڤێڵ دەژین، لە دەستەخوشكبوونی هەولێر و ناشفیل سوودمەندی یەكەم هاووڵاتییانە، جگە لەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاش دەباتە قۆناغێكی تر.




