لە ڕۆژانی داھاتوو برنج و سماقی کوردی ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێ
__2023_09_02_h16m34s15__ER.jpg)
ئەمساڵیش بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆکیش دەڵێ: لە چەند رۆژی داھاتوو ٣٠ تۆن برنجی ئاکرێ ڕەوانەی بازاڕەکانی ئەوروپا دەکرێت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵیش بەرھەمی ناوخۆی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت، لە چەند ڕۆژی داھاتوو ٣٠ تۆن برنجی ئاکرێ و چەندین تۆن سماق ڕەوانەی بازاڕەکانی ئەوروپا دەکرێت کە خواستێکی زۆر لەسەر برنجەکەی ھەیە، ئێمەیش وەک حکوومەت هاوکار دەبین بۆ بەبازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران.
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک گوتی: سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بەتایبەتی سەرۆکی حکوومەت ئەوەیە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، حکوومەت پاڵپشتی جووتیارانە بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان نەمێنێتەوە و بازاڕی ھەبیت، ساڵی ڕابردوو چەند ھەنگاوێک نران و ژمارەیەک بەرھەم ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان کران.
ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەمساڵیش پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان بکرێت، پێش چەند ڕۆژێک ٢٥٠ تۆن بەرھەمی مازی ھەناردەی تورکیا کرا، ٢٥٠ تۆن سماقیش ھەناردەی بازاڕەکانی ئەوروپا کرا.
قائید میرۆ




