٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" ئاوی سەرزەوی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_ بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمی کوردستان باس دەکات: پلانیان داناوە لە جیاتی ئاوی ژێر زەوی پشت بە ئاوی سەر زەوی ببەستن، بۆ ئەو مەبەستەش 11پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکەن، بەمەش دەتواندرێت 80%ی ئاو لەڕێگەی ئاوی سەر زەوی بۆ هاووڵاتییان دابین بکەن.

بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە لە پلانی ستراتیژی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی بۆ ئەوەی بەشی زۆری دابین کردنی ئاو لەڕێگەی ئاوی سەر زەوی بێت، وەکو پلان 81 پڕۆژەمان هەیە ئاوی سەر زەوی وەردەگرین و ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات و لەگەڵ ئەوەش 5هەزار و 700 بیرمان هەیە، وەکو پلان 11 پڕۆژەی ستراتیژی هەیە بۆ شارە گەورەکان پێویستییان بە ئاوی سەر زەوی هەیە بۆیان دابین بکرێت، وەکو پڕۆژەی هەولێر چوار، دوکان سێ، سۆران دوو، خەلیفان و هەریر، بەردەڕەش و چەندین پڕۆژەی دیکەش، پلان دانراوە جێبەجێ بکرێن.
بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان گوتیشی: چەند بودجەمان بۆ دابین بکرێت پڕۆژەکان جێبەجێ دەکەین و ئەو پڕۆژانە شوێنی بیرەکان دەگرنەوە، بۆیە بە جێبەجێکردنی ئەو 11 پڕۆژەیە نزیکەی 80%ی دابینکردنی ئاو لە ئاوی سەر زەوی دەبێت کە ئێستا 50 بە 50یە.
ئاری ئەحمەد باسی لەوەش کرد: چەندین پڕۆژەی دیکەشمان لە ژێر جێبەجێکردن دان وەکو پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، پڕۆژەی ئاوی بارزان، پڕۆژەی ئاوی دەربەندی رانیە و پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان، لەماوەیەکی نزیکدا پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵیش دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار