٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری گشتی باغداری و دارستان: ئەمساڵ ٦٠٠ ھەزار نەمام چێندراون

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێوەبەری گشتی باغداری و دارستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: تەنیا ئەمساڵ ٦٠٠ ھەزار نەمام چێندراون و پارێزگارییان لێدەکرێت بۆ ئەوەی لەناو نەچن، گوتیشی: چەندین دارستانی دەستکرد لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دروستکراون.

ھەڵکەوت عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی باغداری و دارستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: تەنیا ئەمساڵ ٦٠٠ ھەزار نەمام لەھەرێمی کوردستان چێندراون و لە ڕێگەی فەرمانگە پەیوەندارەکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژینگە دابەشی سەر ناوچەکان کراون، بەو مەرجەش نەمامەکان چێندراون ئەو لایەنەی بەشداری لە چاندنی کردووە پارێزگارییان لێ بکات، چونکە بەبێ چاودێری چاندنی دار و نەمام سوودی نییە.

بەڕێوەبەری گشتی باغداری دارستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ژمارەیەکی بەرچاوی دارستانی سروشتی و دارستانی دەستکرد ھەن، بەڵام کێشەی وشکبوونی دارمان ھەیە لە دارستانە دەستکردەکان، ئەویش بەھۆی کەش و ھەوای ھەرێمی کوردستان زۆر جار دارەکان وشک دەبن ئەوەیش کاریگەری لەسەر دارستانەکان ھەبووە.

ھەڵکەوت عەبدولڕەحمان گوتی: لە سەرەتای پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تا ئێستا چەندین دارستانی دەستکرد دروستکراون، واتە کار کراوە بۆ دروستکردنی دارستان، بەڵام زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان وایکردووە کاریگەری لەسەر دارستانەکان ھەبێت، بۆیە بەردەوام کار دەکەین بۆ دروستکردنی دارستان و پاراستنی ئەو دارستانە دەستکرد و سروشتییانەی ھەنە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار