بەشی ھەڵبژاردنی پارتی: ڕاھێنان بە کاندید و بریکارەکانمان دەکەین
__2023_08_30_h18m46s23__HK.jpg)
بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی ئاشکرایکرد: لەگەڵ نزیکبوونەوەی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ڕاھێنان بە کاندید و بریکارەکانی پارتی دەکرێت بۆ خۆ ئامادەکردن، دەشڵێ: لە ھەموو پارێزگاکان دەستمان بە ئامادەکاری کردووە.
نیازی حەمە عەزیز، بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: وەک بەشی ھەڵبژاردنی حزب ھەماھەنگیمان لەگەڵ ھەموو مەکتەبەکانی ڕێکخستنی پارێزگاکان ھەیە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، لە ھەر پارێزگایێک دەنگدەری کورد ھەبێ کاندیدمان ھەیە. ئامادەکاریەکانی ئێمە لەگەڵ ھەنگاوەکانی کۆمسیۆن بەڕێوەدەچن.
بڕیاردەری بەشی ھەڵبژاردنی پارتی گوتی: بەشی ھەڵبژاردن لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پلانی ھەیە خولی ڕڵھێنان بۆ کاندیدانی پارتی بکاتەوە تا لەکاتی دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن ھەم لەچوارچێوەی یاسا بانگەشە بۆ خۆیان بکەن ھەم بە باشترین شێوە بانگەشە بەڕێوە ببەن.
نیازی حەمە عەزیز ڕوونی کردەوە: ڕاھێنان بە بریکارەکانی پارتیش دەکرێت بۆ ڕۆژی ھەڵبژاردن تا لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان ڕۆڵیان ھەبێت لە چاودێریکردنی پرۆسەکە و ڕێگە نەدرێت ساختەکاری ڕووبدات لەپێناو بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی تەندروست و خاوێن، ھیوادارین لەو ناوچانەی لە دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن کێشەی بانگەشەکردن بۆ کاندیدانی پارتی درووست نەکرێت.
قائید میرۆ




