٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" دروست کردنی شوقەی شەھیدان لە جێبەجێکردن نزیکبووەتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

بە گوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان بۆ دروست کردنی شوقە بۆ کەس وکاری شەھیدان هەنگاو نراوە، دەشڵێ: کۆبوونەوەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و ھەر خێزانێکی شەھید سوودمەند نەبوبێت لە زەوی شوقەیان بەسەردا دابەش دەکرێت.

عادل حەمە ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیاری دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی وەزارەتە پەیوەندارەکان و دەستەی وەبەرھێنان کراوە، ھەتا پێداچوونەوە بە جێەجێکردنی بڕیارەکەدا بکرێت و ڕێ و شوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان، لەمەودوا زەوی بەسەر کەس و کاری شەھیداندا دابەش ناکرێت، لە بری زەوی یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان گوتیشی: ئێستا  ھەنگاوەکان دەستپێکراون و وەزارەتی شەھیدان و شارەوانی و دەستەی وەبەرھێنان کۆبوونەتەوە و خەریکی کۆکردنەوەی داتا و ئاماری ئەو زەویانەن لە ساڵانی ڕابردوو بەسەر کەسوکاری شەھیداندا دابەش کراون.

عادل حەمە ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ھەر کاتێک داتا و ئاماری کۆتاییمان پێگەییشت ئەوکات بۆمان دەردەکەوێت لە ھەر پارێزگایەک چەند خێزانی شەھید سوودمەند بوونە و زەویان وەرگرتووە، چەند خێزانیش ماون بۆ ئەوەی شوقەیان بەسەردا دابەش بکرێت، ھەموو ئەو خێزانانەی تا ئێستا سوودمەند نەبوونە و   زەویان وەرنەگرتووە، لە وەرگرتنی شوقە سوودمەند دەبن.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار