"ناوچەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن"

هەولێر_KDP.info_ بەڕێوەبەری گشتی مۆڵەت لە دەستەی گشتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی: 12ناوچەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرن، سودێکی یەکجار زۆری بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت هەم لەڕووی زیادبوونی هەلی کار هەم بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ.
دکتۆر هەڤال سدیق، بەڕێوەبەری گشتی مۆڵەت لە دەستەی گشتی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە 12ناوچەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دروست بکرێن، ئێستا دوو ناوچە لەهەولێر هەیە و لە دهۆکیش یەکێک دروست دەکرێت و یەکێکیش لە سلێمانی و هەشتی دیکەش لە هەڵبجە، گەرمیان، ئاکرێ، بەردەڕەش و هەندێک ناوچەی دیکە دروست دەکرێن.
دکتۆر هەڤاڵ سدیق گوتیشی: ئەو ناوچانە دروست دەکرێن و هەموو خزمەتگوزاریەکیان بۆ دەبردرێت، هەر وەبەرهێنەرێک بیەوێت کارگەیەک لەو ناوچانە دروست بکات مۆڵەتی پێدەدرێت بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەو کارگەیە خزمەت بکات بە دەڤەرەکەی خۆی، ئەو ناوچانە زۆر گرنگن دەرفەتی کار زیاد دەکەن و کارگە زیاد دەبن و بەرهەمی ناوخۆ بە پیشەسازی دەکرێت و ساغ دەبێتەوە و دەبێتە هاندانێکیش بۆ جوتیاران.
سدیق باسی لەوەشکرد، ئێستا لە ئاکرێ و بەردەڕەش زەوی تەرخانکراوە بۆ ئەوەی دوو ناوچەی پیشەسازی دروست بکرێن، ڕێکارەکان تەواوبن دەست بە دروستکردنیان دەکرێت.
بڵند ئیبراهیم




