لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 2هەزار و 440 یەکەی نیشتەجێبوون تەواو دەکرێن

دهۆک-KDP.info- یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە پارێزگای دهۆک گوتی: لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 2هەزار و 440 یەکەی نیشتەجێبوون هەیە بەسەر هەموو قەزاکانیشدا دابەشکراون و هەر پڕۆژەیەکیش بەڕێژەیەک تەواو بووە و لە پلانی ئەمساڵ دانراوە ئەو پڕۆژانە تەواو بکرێن و بەسەر خەڵکی موستەحەقدا دابەش بکرێن، هەر کەس بیەوێت فۆڕم پڕبکاتەوە لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە ئێستا کارایە.
ئەندازیار ڕێدیر سلێمان خەمۆ، یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە پارێزگای دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەسنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 2هەزار و 440 یەکەی نیشتەجێبوون هەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستی کردووە، ئەو کات زاخۆ قەزابوو سەر بە پارێزگای دهۆک بوو، دوو پڕۆژە لە زاخۆ، دوو پڕۆژەش لەبەردەڕەش، دوو پڕۆژە لە ئاکرێ، لەشێخانیش دوو پڕۆژە، لەئامێدی دوو پڕۆژە هەیە و لە دهۆک و سێمێلیش لە دوو شوێن پڕۆژەمان هەیە، لەزاخۆ 95%ی یەکێک لە پڕۆژەکان تەواو بووە و خزمەتگوزایشی بۆ دابین کراوە و پرۆژەکەی دیکەیش 47% تەواو بووە، لە بەردەڕەش پڕۆژەیێک 80%ی تەواو بووە، لە دهۆک 51% تەواو بوو، لە شێخان 47% تەواو بووە، پڕۆژەش هەیە 6% کاری لێ کراوە، پڕۆژەکان لە جێبەجێکردن دان و سیولە نییە تەواو بکرێن، بۆیە ڕاگیرابوون.
ئەندازیار ڕێدیر سلێمان خەمۆ گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە سندوقی نیشتەجێبوون کارا بکرێت و هەندێک پارەی وەبەرهێنەری 20هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکەن دەکرێتە ناو سندوقەکە بۆ ئەوەی پڕۆژەکان تەواو بکرێن، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی کرداری بۆ نەنراوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی داناوە بۆ ئەمساڵ ئەگەر پارەی بەغدا بێت دەست بە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە بکرێت، بەڵام هێشتا پارە نەهاتووە، هەرکاتێک پارە بگات دەست بە تەواوکردنیان دەکرێت.
خەمۆ باسی لەوەشکرد: پێشتر جۆرە فۆڕمێک پرکرانەوە ئەویان بۆ 20هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بوو، بەڵام ئەوەی ئێستا کارایە بۆ ئەو 9هەزار و 4 یەکەی نیشتەجێبوونەیە، فۆڕمەکە جارێ کارایە و بەردەوام دەبێت ئەوانەی فۆڕم پردەکەنەوە هەر یەکەیان ئەگەر موستەحەق بێت و بۆی دەربچێت لە سنووری خۆی یەکەی پێدەدرێت، واتا هەر کەسێک لە شاری خۆی یەکە وەردەگرێت.
گوتیشی: ئەوانە بێ پێشەکین و قیستەکەش لەماوەی 25ساڵ وەردەگیرێت بۆیە ئەمە هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی دەبنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون.
بڵند ئیبراهیم




