٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاھیرە بەرز ڕاگیرا

سەرچاوە: KDP.info

قاھیرە-KDP.info- بەبۆنەی ساڵیادی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی و ٧٧ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەکتەبی قاھیرەی پارتی ئێوارە ئاھەنگێک لە قاھیرە ساز کرد.

بەبۆنەی ٧٧ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەکتەبی قاھیرە بە بۆنەی ساڵیادی لە دایکبوونی جەنابی سەرۆک ئێوارە ئاھەنگێکی سازکرد، بە ئامادەبوونی باڵوێزی عێراقی فیدڕاڵ لە وڵاتی میسر دکتۆر ئەحمەد دلێمی و کونسوڵی عێراقی دکتۆر حازم و ستافی باڵوێزخانە و چەندین کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی و راگەیاندکار و ڕۆژنامەنووس ئامادەبوون.

باڵوێزی عێراقی فیدڕاڵ لە وتەکەی وێرای پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک وەزیران و مەکتەب سیاسی، ئاماژەی بە ڕۆڵی پارتی کرد لە پشتگیری دیموکراسی لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەم پێناوەدا شەھیدیان داوە، و بەپەرۆشەوە پشتگیری لە سەقامگیری عێراق کردووە.

دکتۆر محەممەد ئەبو کەلەل، بەرپرسی پەیوەندییەکانی عەرەبی رەوتی حیکمە باسی لە گرنگی پارتی کرد لە پشتگیری پرۆسەی سیاسی و ئارامی لە عێراق، ھەروەھا ئاماژەی بە ڕۆڵی پارتی و سەرکردایەتیەکەی کرد لە پێناو بەرژەوەندی سەرجەم عێراقییەکان.

بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاھیرە، شێرکۆ حەبیب، وێرای بەخێرھێنانی ئامادەبووان سوپاسی کردن بۆ بەشداریکردنیان لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی، ھەروەھا ئاماژەی بە پێویستی و گرنگی پارتی کرد لە ساتەوەختێک کە میللەتی کورد پێویستی بە پارتێکی سیاسی بۆ دابینکردنی مافەکانی نەتەوەی ھەیە، ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە پارتی بە ڕابەرایەتی باوکی رۆحی کورد جەنابی مەلا مستەفا بارزانی نەمر دامەزرا و باوەڕی بە بونیادنانی دەوڵەتی دیموکراسی ھەیە، بۆیە دروشمی دیموکراسی بۆ عێراق ھەڵبژارد، ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا ئەوەی ڕوونکردەوە کەوا پارتی لەسەر ھەمان رێباز و دیدو بۆچوونی جەنابی سەرۆک بارزانی خەبات دەکات بۆ جەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان و تەبایی، ھەروەھا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی پارتی کرد لەگەڵ وڵاتان و حزب و لایەنەکانی ناوخۆی و ھەرێمی و نێودەوڵەتی.

شایانی باسە ئەمە بۆ جاری دووەمە تیپێکی میوزیک لە کوردستان ئامادەبێت بۆ ئاھەنگی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی، کە ھونەرمەندان کەریم گوڵانی و فەخرەدین ھەولێری بەدەنگە بەسۆز و میوزیک ئامادەبووانی ھێنابووە جۆش و خرۆش ھەروەھا ھونەرمەندی میسری ئەحمەد جوھر بە دەنگە بەسۆزەکەی ئاھەنگەکەی زیاتر ڕازاندەوە بە پێشکەشکردنی چەند گۆرانیەکی میسری و ئاھەنگەکە بووە جێگای ڕەزامەندی و پێزانینی ئامادەبووان.

هەواڵی پەیوەندیدار