مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرەخۆشی لە خانەوادەی مەتران رەبان ئەلقەس دەکات

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆچی دوایی کەسایەتی ئایینی ناسراوی کلدان(مەتران رەبان ئەلقەس) پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو دەکات.
بەڕێز خانەوادەی خوالێخۆشبوو (مەتران رەبان ئەلقەس)
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی دیار و ناسراوی ئایینی کلدانی کوردستان و مەترانی کەنیسەی(کلدان)مان بیست.
بەو کۆستە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و کەسوکار و خوشک و برایانی کریستیان دەکەین، خۆمان بە ھاوبەشی خەمتان دەزانین.
خوالێخۆشبوو (مەتران رەبان ئەلقەس) کەسایەتییەکی ناسراو و دڵسۆز بوو، ھەروەھا ڕۆڵی بەرچاوی ھەبوو لە بڵاوکردنەوەی گیانی تەبایی و برایەتی و لێبووردەیی لە نێوان ئایین و ئایینزاکانی کوردستاندا، ئومێدەوارین دڵنەوایی و ھاوخەمیی دۆست و ئازیزانی ببێتە مایەی سەبووری و ئارامگرتنتان و لە خەم و خەفەتتان کەم بکاتەوە.
جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووبارە دەکەینەوە، داواکارین لە خوای گەورە خوالێخۆشبوو بەبەھەشتی بەرین شاد بکات و ئێوەی ھێژاش لە خەم و خەفەت و کۆستی دیکە بەدوور بن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
2023.8.29




