سەندیکای کرێکاران: تۆمارکردنی ناوی کرێکاران لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە بەرژوەندی ئەوان دایە

هەولێر_KDP.info_ گوتەبێژی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی هەولێر گوتی: تۆمارکردنی ناوی کرێکاران لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەنگاوێکی گرنگە و لەبەرژوەندی کرێکاران دایە، چونکە هەر کاتێک تەمەنیان گەورە بێت یاخود تووشی ڕووداوێک بن خانەنشین دەبن.
حەسەن ڕەمەزان، گوتەبێژی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەپێی یاسای ژمارە 71ی ساڵی 1977یاسای کارە و باسی مافی کرێکار و داکۆکی لەمافی کرێکار دەکات، یاسای ژمارە 39 ساڵی 1970 تایبەتە بەخانەنشین و دەستەبەری کرێکاران، هەر کرێکارێک دەستبەرکرا تووشی ڕووداوێک بێت یاخود 20 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی بگاتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت، بەڵام گەر دەستەبەری نەبێت هیچ مافێکی نابێت.
حەسەن ڕەمەزان گوتیشی: سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکی زۆرە ئەو یاسایە بەرکارە، بەڵام ئەوانەی خۆیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار کردووە و خانەنشین نەبوونە کەمە ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە، لەوانەیە لە کرێکارییەک بەردەوام نەبێت یاخود لەو کارەی هەیەتی دەربکرێت لە لایەن خاوەن کار یاخود هۆکاری دیکە، بۆیە ڕاژەی خزمەتی ناگاتە ئەوەی خۆی خانەنشین بکات، گرنگە هەموو کرێکارێک خۆی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکات لەبەر ئەوەی ئەگەر خوانەخواستە تووشی حالەتێک بن یاخود تەمەنیان گەورە بێت خانەنشین دەکرێن.
رەمەزان باسی لەوەشکرد، کرێکارانی ئافرەتیش ئەگەر تەمەنیان بگاتە 55ساڵ و20ساڵ خزمەتیان هەبێت ئەوانیش خانەنشین دەبن، ئەگەر خۆیان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار کردبێت.
بەپێی ئامارێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا 3هەزار و 263 کەس لە سەر سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی خانەنشین کراون و 56ملیار دینار و 226 ملیۆن دینار پاداشتی 7ساڵی ڕابردوو بووە لەم چوار ساڵە گەڕێندراوەتەوە بۆ کرێکاران و ئەو کرێکارانەی دەستەبەرکراون سەرجەم مافەکانیان پارێزراو دەبێت، لەم کابینەیە 138هەزار و 92 کرێکار دەستەبەر کراون، چونکە دەستەبەرکردنی کرێکاران لەپێناو خانەنشینبوون و قەرەبووکردنەوە و پاداشتی کۆتایی خزمەتە.
بڵند ئیبراهیم




