٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پەروەردە: لەجیاتی رێنمایی بەیاسا کار دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێشتر زیاتر کار بە رێنمایەکان دەکرا، بەڵام لەمەودوا بۆ ساڵی تازەی خوێندن بەیاسا کار دەکەین، کە دەبێتە بنەمایەک بۆ پرۆسەی خوێندن نەک تەنھا بۆ ئێمە بۆ کابینەکانی دیکەش کە بەوردی باسی ھەموو پرسەکانی کردووە و ئەرک و مافی قوتابی و مامۆستا و بەڕێوەبەر و رێکخستنی دەوام ھەمووی دیاریکردووە، بۆیە بڕیارە ١٥ی٩ ساڵی نوێی خوێندن بەفەرمیی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێبکات.

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر سەیوان فەرەج، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ساڵی نوێی خوێندن لە ١٣ی٩ دەستپێدەکات، بەڵام دوو ڕۆژ بۆ رێکخستنی دەوام و پۆلەکان دەبێت و لە ١٥ی٩ بەفەرمیی پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکات، ھەروەھا ئێمە پەیڕەوی یاسای خۆمان دەکەین کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە و وردەکاریەکانیش بەپێی پێویست جێبەجێ دەکەین بۆ ساڵی نوێی خوێندنیش بەپێی یاساکە کاری لەسەر دەکەین، بۆیە لەمەودوا لەجیاتی ئەوەی رێنمایی بۆ دەربکەین کە پێشتر بەوشێوەیە بوو لەمەودوا بەپێی یاسا دەبێت".

دکتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی: "جێبەجێکردنی ئەو یاسایە زۆر گرنگە نەک بۆ ئەم کابینەیە بۆ کابینەکانی دیکەش، چونکە لەجیاتی ئەوەی رێنمایی دەربکرێت لێرەدا یاسا ھەیە و بەپێی ئەو یاسایە کاردەکرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش یاساکەش پێویستی بەوە ھەیە رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی دەربکرێت، چونکە کە یاسا پەسەندکرا پێویستە بۆ جێبەجێکردنی رێنمایی بۆ دەربکرێت لەبەر ئەوەی یاساکە ماددەکانی زۆرە و پێویستی بە کات ھەیە تا ھەمووی جێبەجێ دەکرێت، چونکە یاساکە پێویستی بە تەفسیر ھەیە بۆ ئەوەی ڕوونتر بێت".

فەرەج باسی لەوەشکرد: "ئەم یاسایە گرنگی زۆری بۆ پرۆسەی پەروەردە ھەیە و مافی ھەمووانی دیاری کردووە وەکو قوتابی، مامۆستا، ئەرک و فەرمانەکان و دەوامی مامۆستا، ھاوکات ئەرکی بەڕێوەبەر و پرۆگرام و چۆنیەتی رێکخستنی دەوام ھەمووی دیاریکراوە".

ناوبراو وتیشی: "ئامادەکاری تەواویش بۆ پرۆسەی خوێندن کراوە و پەرتووکی پێویست چاپکراون و ھەندێک گۆڕانکاری لە پرۆگرام کراوە و ئەو ھەڵانەی ھەبوون ڕاستکراونەتەوە و ھەندێک شت ڕوون نەبوون ئەویش ڕوونکراونەتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار