٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. عەلی رەشید: پێشنیارمان کردووە ھەڵمەتی نیشتمانی بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان لەبارەی ئاو بەڕێوەبچێت

سەرچاوە: KDP.info

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پێویستە سیاسەتی دابینکردنی ئاو لە ھەولێر بگۆڕێت، گوتیشی: پێشنیارمان کردووە لە ڕێگەی ٥٠٠ دەرچووی زانکۆ ھەڵمەتی نیشتمانی بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان لەسەر پرسی ئاو بەڕێوە بچێت.

د. عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: پێویستە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە ھەولێر پشت بە ئاوی زێی گەورە و ئاوی سەر زەوی ببەسترێت نەک بیرلێدان، چونکە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و کاریگەری ھەیە لەسەر دروست بوونی کێشەی ئاو لە ھەولێر، ھەروەھا بە تۆڕەکانی ئاوی هەولێر دا بچینەوە، چونکە تۆڕەکانی وەک پێویست نین و پێویستییان بە چاککردنەوە ھەیە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر گوتیشی: پێشنیازمان کردووە بۆ لایەنە پەیوەندارەکان ھەڵمەتی نیشتمانی بۆ ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان لە بەفیڕۆ نەدانی ئاو بەڕێوە بچێت و تێیدا ٥٠٠ دەرچووی زانکۆ بەشداری بکەن، چونکە لە ٤٥%ی ئەو ئاوەی دەگاتە ھەولێر بەفیڕۆ دەچێت، پێویستە ڕێژەی بەفیرۆچوونی ئاو کەم بکرێتەوە، بەڕێوەچوونی ھەڵمەتی نیشتمانی ھۆشیاکردنەوەی ھاووڵاتییان پێویستی تەنیا بە ٥٠ ملیۆن دینارە و ھەموو کوچە و کۆڵانەکانی شار دەگەڕێن بۆ ئەوەی ڕێنمایی بدەنە ھاووڵاتییانی شاری ھەولێر بۆ پاراستنی ئاو وەک سامانێکی نیشتیمانی گرینگ.

د. عەلی رەشید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: تەنیا لە سەنتەری شاری ھەولێر یەک ھەزار و ٢٠٠ بیری ئاو بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە هەیە، بەداخەوە تا دێت ژمارەی ئەو بیرانەی وشک دێنن ژمارەیان بەرەو ھەڵکشانە، ئەوەیش وایکردوە کێشەی ئاو لە ھەولێر دروست ببێت، یەکێک لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی خەرجکردنی ئاو ھوشیارکردنەوەی ھاوشاریانە لە بەفیرۆنەدانی ئا.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار