لوقمان عەبدولقادر: داواکاریەکانی خۆمان پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە

هەلبجە_KDP.info_ سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاوی لە هەڵبجە گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێم کۆبووینەوە و ڕاسپاردەکانی خۆمان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر بدات و داواکارییەکانمان جێبەجێ بکرێت، لەوانە ڕەوانەکردنی بەرکەوتووان بۆ دەرەوە و گەڕانەوەی مینحەی ئەوانەی مووچەی دیکەیان هەیە، بۆیە گەشبینین سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەند دەبێت.
لوقمان عەبدولقادر ، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیاوی لە هەڵبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە و باسی گرفتەکانی خۆمان کرد، ئەوانیش کردیانە ڕاسپاردە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر بدرێت و جێبەجێ بکرێن، لەوانە ڕەوانەکردنی بریندارانی چەکی کیمیاوی بۆ دەرەوە و گەڕانەوەی مینحەی ئە بەرکەوتووانەی ڕاگیراوە و کێشەی نەخۆشخانەی بەرکەوتووان و ژمارەیەک نەخۆش نەشتەرگەرییان کردووە بۆ ئەوەی دووبارە سەردانی دەرەوە بکەن.
لوقمان عەبدولقادر گوتیشی: 25 بەرکەوتوومان پێویستییان بە دەرەوەی وڵات هەیە بۆ چارەسەر، مینحەی ئەو کەسانەی بەهۆی هەبوونی مووچەی دیکەوە ڕەگیراوە لە هەموو هەرێمی کوردستان زیاتر لە 800 بەرکەوتوومان هەیە ڕەنگە لەوانە 500 کەسیان بەر ئەو بڕیارە کەوتبن، بۆیە گەشبینین حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوگرفتەمان بۆ چارەسەر بکات، ئەو بریندارانەی ڕەوانەی دەرەوە بکرێن و مینحەشیان بۆ بگەرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم




