"مانگی داهاتوو لیوا هاوبەشەکان دەست بەکار دەبن"
_(10)__2023_08_28_h15m53s32__ER.jpg)
بەغدا_KDP.info_ جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق لەبارەی دەست بەکاربوونی دوولیوای هاوبەش قسەمان کردووە و باسی کرد لەمانگی داهاتوودا دەست بەکار دەبن و لە ناوچە کوردستانیەکان بڵاوەیان پێ دەکرێت.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوو لیوای هاوبەش لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق پێکهێندراون بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و هەموو ڕێکارەکانی دەستبەکاربوونیان تەواو بووە و تەنیا ماوە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بڵاوەیان پێ بکرێت، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەڕووی ئەمنییەوە.
سەگڤان سندی گوتیشی: لەبارەی دەستبەکاربوونیان قسەمان لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق کردووە و باسی کرد: بودجەیان بۆ تەرخانکراوە و بڕیارە لە مانگی نۆ لە وەزارەتی دارایی پارەکە سەرف بکرێت و دەستبەکار ببن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی داهاتوو هەردوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان دەستبەکاربن.
بڵند ئیبراهیم




