ڕێگای (بەردەڕەش.مووسڵ) لە قۆناغی قیڕتاوکردن دایە
_(12)__2023_08_27_h16m44s23__ER.jpg)
مووسڵ_KDP.info_ بە هەوڵی نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای مووسڵ و پەرلەمانی عێراق ڕێگای بەردەڕەش بۆ موسڵ کە ڕێگایەکی ستراتیژییە و دەکەوێتە نێوان سێ پارێزگا، دوای تەرخانکردنی بودجەی پێویست دەست بە نوژەنکردنەوەی کراوە و ئێستا لە قۆناغی قیڕتاوکردن دایە.
بەڕێوبەری ناحیەی باشیک، غەزوان داودی: بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ماوەیەکی زۆر بوو نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و ئیدارەی پارێزگای مووسڵ لە هەوڵدابوون بۆ ئەوەی ڕێگای مووسڵ کە بۆ دهۆک و هەولێر دەچێت لە مەندان تا گەڕەکی تەحریر نوژەن بکرێتەوە، ماوەیەکە کاری تێدا دەکرێت و ئێستا گەیشتۆتە قۆناغی قیڕتاو کردن.
بەڕێوەبەری ناحیەی باشیک گوتیشی: ڕێگاکە بەشێوەیەکی زۆر باش قیڕتاو دەکرێت و خزمەتێکی باشی خەڵک و ناوچەکە دەکات، چونکە دوو ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.
غەزوان داودی ڕوونیشی کردەوە: ئەو ڕێگایە بە حوکمی ئەوەی هی سەردەمی ڕژێمی بەعس بوو تێکچوو بوو و پێویستی بە نوژەنکردنەوە هەبوو، بۆیە لە مانگی شەشی ئەمساڵ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئیداری مووسڵ و بەردەڕەش بەردی بناغەی بۆ دانرا.
نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای مووسڵ بەردەوام هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتی پارێزگای مووسڵ بکرێت بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکان.
بڵند ئیبراهیم




