"ئەوەی بەغدا لەبارەی داھاتی نانەوتی داوای دەکات دروست نییە"
_(1)__2023_08_26_h15m39s3__ER.jpg)
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتی: بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی عێراق و دەوڵەتی فیدرالیش پێویستە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی بداتە حکوومەتی عێراق و نیوەکەی دیش بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام ئەوان داوای تەواوی داهاتی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەش پێچەوانەی یاسایە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، د. ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی داهاتی نانەوتی وەکو گومرگ، فرۆکەخانە، ناسنامە، کارتی نیشتیمانی و پاسپۆرت ئەو داهاتانە نیوەی دەگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی ئیتیحادی و پێی دەگوترێت ڕسوماتی ئیتیحادی، نیوەیشی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمینێتەوە، بەڵام داهاتەکانی ئاو و کارەبا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمینێتەوە، لە هەموو وڵاتانی فیدراڵی بەم جۆرەیە.
د. ڤیان سەبری گوتیشی: بەغدا باس لەوە دەکات هەر دینارێک وەکو داهاتی هەرێمی کوردستان هەبێت پێویستە بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عێراق، ئەمەش بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی و بەپێی دەوڵەتی فیدرالی دروست نییە، چونکە لە یاسای بودجەش هاتووە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە داهاتە نانەوتییەکان بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی بداتە حکوومەتی عێراق، بەمەش پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیوەی داهاتی نانەوتی بداتە حکوومەتی عێراق نەک هەموو داهاتەکان.
بڵند ئیبراهیم




