٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەدواداچوون بۆ دۆخی کەمی کارەبای هەولێر دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشکرایکرد: سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا باس لەدۆخی کارەبای هەولێر دەکرێت، چونکە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە کارەبا کەمتر بە هەولێر دەدرێت بەو حوکمەی بەشێک لە کارەبای هەولێر بۆ دامەزراوە حکوومییەکان دەڕوات، بۆیە پێویستە کارەبای نیشتمانی وەکو یەک بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت و پشکی دامەزراوە حکوومییەکانیش بە جیا بدرێت نەک لەسەر پشکی هەولێر بێت.
دکتۆر عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سبەی چوارشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و لەبارەی کەمی کارەبای هەولێر گفتوگۆ دەکات، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەی پیشەسازی وزە و لیژنەی دەستپاکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە کردووە.
دکتۆر عەلی ڕەشید گوتیشی: پێویستە کارەبای تایبەت بدرێت بە پەرلەمان و دامەزراوە حکوومییەکانی وەکو ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکان و بەڕێوبەرایەتییەکان نەک لەپشکی هەولێر.
لە کۆبوونەوەی سبەی باسی ڕێژەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە شاری هەولێر بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێم دەکرێت و نرخی کارەبای شارەکانی وەبەرهێنان بە سیستەمی پریپید باس دەکرێت و میوانداری ئەندازیار قارەمان مەولود سەرۆکی بەدواداچوونی موەلیدە ئەهلییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێریش دەکرێت لەبارەی پێدانی کارەبای  موەلیدەی ئەهلی بەراورد بە شارەکانی دیکە.
گوتیشی: بڕیاربوو بەڕێوبەری گشتی کارەبای هەولێر و کۆنتڕۆلی کارەبا بێنە ئەنجوومەن و لە کۆبوونەوەی سبەی ئامادەبن، بەڵام بەهۆی هەندێک پابەندییان ناتوانن ئامادەبن.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار