سەرۆك بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و پەروەردە و ئاكادیمیەكانی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە

دهۆك-KDP.info- لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ دەڤەری بادینان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ چین و توێژەکانی ئەو دەڤەرە ڕۆژی سێشەممە 22ی ئابی 2023 لە شاری دهۆک سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ و پەروەردە و ئاکادیمییەکانی سنووری دەڤەری بادینان کۆ بووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرەکیی مامۆستایان لە پێگەیاندنی گەنجان و پێشخستنی کۆمەڵگە و زانست، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مامۆستایانی زانکۆ کرد کە لە هەموو بارودۆخێکدا لە سەنگەری پێگەیاندن و زانست بوون و دڵسۆزانە خزمەتی خەڵکی کوردستانیان کردووە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن ڕابگیرێت.
سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ فەراهەمبوونی زەمینە بۆ یەکبوون و یەکدەنگیی نێوان لایەنەکان. هەروەها ئەوەشی باس کرد کە جیاوازیی بیروڕا بابەتێکی سروشتییە، بەڵام پێویست دەکات لەسەر ئامانجە ستراتیژی و نیشتمانییەکان لە نێوان لایەنەکاندا هاوڕاییەکی تەواو هەبێت.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە مێژووی دەوڵەتی عێراق دا کە لەسەر بنەمای شەراکەتی کورد و عەرب دامەزرا، بەڵام ئەو شەراکەتە پشتگوێ خرا و بەشی کوردستان جینۆساید و هەوڵی لەناوبردنی میللەتەکەمان بوو و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو ئەو دەرفەتە هاتە پێش کە عێراق لەسەر بنەماکانی شەراکەت و تەوازون و تەوافوق و بە پشتبەستن بە دەستوور ژیانێکی تازە دەست پێ بکات، بەڵام دیسانەوە پشت لەو بنەمایانە و دەستوور کرا و نیەتی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و برسیکردنی خەڵکی کوردستان لەناو بەشێک لە دەستەڵاتدارانی عێراقی پەیدا بوو.
هەر پەیوەست بەم بابەتە و دوایین هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، سەرۆک بارزانی ئامادەبوانی کۆبوونەوەکەی لە ئەنجامی سەردانی ئەم دوایەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئاگادار کردەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی هێمای بەو تەوژمەدا کە بەنیازە نائومێدی بڵاو بکاتەوە و هەستی نیشتیمانپەروەری و بەهاکان لەناو کۆمەڵگە نەهێڵێت و داوای کرد کە مامۆستا بەڕێزەکان ڕووبەڕووی ئەو تەوژمە ببنەوە و کار بۆ قووڵکردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەری و پێکەوەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەن.
سەرۆک بارزانی باسی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بنیاتنانی پەروەردە و دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و سەرچاوەکانی تری داهات بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها دۆزینەوەی هۆکارەکانی کۆچ و ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و داواشی لە مامۆستایان و ئاکادیمیکاران کرد کە لەو ئەرکە هەستیارەدا هاوکار و پاڵپشت و ڕێنیشاندەری حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بن.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دەرگەی ڕاگۆڕینەوە و پرسیار و پێشنیار بۆ ئامادەبوان کرایەوە و سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونی و وەڵامی پێویستی بۆ تێبینی و پرسیاری ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە دایەوە.




