٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ جەخت لەسەر ناردنی بەشە بوودجه‌ی ھەرێم بەزووترین کات ده‌كه‌ینه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لەسەری بووە بەرامبەر حکوومەتی عێراق جێبەجێی کردووە و ھیچ بیانووەک بۆ حکوومەتی عێراق نەماوە کە پشکی ھەرێم لە بوودجە ڕەوانە نەکات، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆببێتەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی ئەو رێککەوتنە بووە لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ئێستا ھیچ بیانووەک نەماوە کە حکوومەتی عێراق بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکات، لەبەر ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرگای بۆ چاودێری دارایی عێراق کردۆتەوە بۆ ئەوەی وردبینی لە داھاتەکان بکات".

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "ئەمڕۆ ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆدەبێتەوە و لەو کۆبوونەوەیە باسی بوودجەی ھەرێمی کوردستان دەکەین، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لەسەریان بووە جێبەجێی کردووە و پێویستە حکوومەتی عێراقیش پابەند بێت پێوەی، بەھۆی ئەوەی پێشتر بیانووی حکوومەتی عێراق ئەوەبوو کە دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی لە داھاتەکانی ھەرێمی کوردستان بکات و وئەوانیش کاری خۆیان تەواو کردووە، ئێستا ئەو بیانووەش نەماوە، ئێمەش ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەخت لەسەر ناردنی بەشە بوودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەینەوە کە بەزووترین کات ڕەوانە بکرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار