سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له شاندێكى باڵاى سه‌ربازیى هاوپه‌یمانان كرد

هه‌ولێر-KDP.info- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2023/8/20 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى باڵاى سه‌ربازیى هاوپه‌یمانان كرد كه له جەنەرال ماتیۆ ماكفارلان فەرماندەی پێشوو و جەنەرال جۆول ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و کونسولی گشتیی تازه‌ی ئه‌مه‌ریکا له هه‌رێمی کوردستان و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی سه‌ربازی و دیپلۆماسی پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ جه‌نه‌رال ماكفارلان فه‌رمانده‌ى پێشووى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا دووپات كرده‌وه بۆ ڕۆڵى له فه‌رمانده‌ییكردنى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و ئه‌و هاوكارى و پشتیوانییه‌ى پێشكه‌ش به عێراق و هه‌رێمى كوردستانى كردووه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و تێكشكاندنى داعش.
به‌ڕێزیان هیواى سه‌ركه‌وتنى له ئه‌ركى تازه‌دا بۆ جه‌نه‌رال ماكفارلان خواست و به‌خێرهاتنى جەنەرال ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كرد، هه‌روه‌ها ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌رده‌وامیى هاریكاریى هاوبه‌ش و سه‌رخستنى ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كیى داعش ده‌ربڕى.
له دیداره‌که‌دا دوایین پێشهات و هه‌نگاوه‌کانی پرۆسه‌ی چاکسازی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه و کێشه‌کانی تاوتوێ کرا. له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوولا نیگه‌رانیی خۆیان به‌رامبه‌ر گرفت و له‌مپه‌ره‌کانی به‌رده‌م پرۆسه‌که ده‌ربڕی.
له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانى داعش له عێراق و سووریا و ئه‌ركى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى، بیروڕا ئاڵوگۆڕ كران. هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه داعش هێشتا مه‌ترسییه و عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێویستییان به به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه.
تاوتوێکردنی دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه به‌گشتى، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




