سبەی لە مووسڵ پارتی بەفەرمیی لە کۆمسیۆن لیست تۆمار دەکات و ناوی کاندیدانیش پێشکەش دەکات

موسڵ_KDP.info_ بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ گوتی: هەموو ئامادەکاریەکانمان لەبارەی تۆمارکردنی لیست و پێشکەشکردنی کاندیدانمان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواو کردووە، سبەی بە فەرمیی لیست تۆمار دەکەین و ناوی کاندیدانیش پێشکەش دەکەین.
بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، مەناف حەسەن ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پرۆسەی تۆمارکردن و گواستنەوەی ئاوارەکان بۆ مووسڵ زۆر باش بەڕێوە دەچێت و ڕێژەیەکی باش خۆیان تۆمارکردووە و خۆیان گواستۆتەوە، تا دوو ڕۆژی دیکەش بەردەوام دەبێت، هەر کاتێک کۆتایی پێهات ئەو کات ڕێژەکە دیار دەبێت چەندە، چونکە پێویستە پرۆسەکە کۆتایی پێ بێت، بۆ ئەوەی ڕێژەکە دیار بێت.
مەناف حەسەن گوتیشی: ئاوارەکانی شنگالیش لە کەمپەکان و لەدەرەوەش تەوابوونە و خۆیان تۆمارکردووە، ئەوان هەر لەشوێنی خۆیان دەنگ دەدەن و ناچنەوە بۆ شنگال، بەڵام پێویست بوو دووبارە ناویان تۆمار بکەنەوە و ناوەکانیان نوێ بکرێتەوە، بۆیە کاری ئەوان ئاسان بوو.
حەسەن باسی لەوەش کرد: ئەمڕۆ خەریکی ئامادەکردنی ناوی کاندیدەکانین و یەکلایی بۆتەوە 52 کاندیدمان دەبێت لەو لقانەی سەر بە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵن، سبەی بەفەرمیی لیستمان تۆمار دەکەین و ناوی کاندیدانیش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پێشکەش دەکەین.
بڵند ئیبراهیم




