ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بەدواداچوون بۆ کەمی کارەبای ھەولێر دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بەدواداچوون بۆ کەمی کارەبای ھەولێر بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە دەکات و سەرۆکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێت، لەبەر ئەوەی پێدانی پشکی کارەبای ھەولێر بەراورد بەپارێزگاکانی دیکە کەمترە بۆیە داواکارین جیاوازی نەکرێت و کارەبا وەکو یەک بەسەر ھەموو پارێزگاکان دابەش بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش سێ بەرپرس میوانداری ئەنجوومەن دەکەن.
دکتۆر عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە ئەم ھەفتەیە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر کۆببێتەوە و تێیدا بەڕێوەبەری کارەبای ھەولێر و بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبەری مۆلیدەکان میوانداری ئەنجوومەن بکەین، بەھۆی ئەوەی لیژنەی پیشەسازی و وزە کارێکی زۆری لەسەر کردووە و سەردانەکانی خۆیانکردووە و ھاووڵاتیانیشیان بینیووە، ھاوکات رێژەی کارەبای ھەولێر بەراورد بە سلێمانی و دھۆک کەمترە و داوای گەڕانەوەی پشکی خۆمان دەکەین، بۆ نموونە لەمانگی رابردوو پارێزگای ھەولێر 100 کاتژمێر کارەبای مۆلیدەی ھەبووە، لە سلێمانی 25 کاتژمێر کارەبای مۆلیدە ھەبووە، ئەمە جیاوازیەکی زۆرە ئەگەر ھەندێک جیاوازیشی ھەبێت ئاساییە، بەڵام ئەو رێژەیە زۆرە".
دکتۆر عەلی ڕەشید گوتیشی: "ھۆکارەکەشی ئەوەیە لەپشکی ھەولێر دەدرێتە وەزارەتەکان و پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و ئەوانەش بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستانن و پێویستە لەسەر ھەموو ھەرێمیش دابەش بکرێت نەک تەنھا لەسەر ھەولێر حیساب بکرێت".
ڕەشید باس لە خاڵێک دەکات و دەڵێت: "لە بەھار و پایز کارەبای زیاتر بە ھەولێر دەدرێت کە پێویستیان بەو بڕە زۆرە نییە و لە ھاوین و زستان کارەبا کەمە، بۆیە دەمانەوێت ئەوەش چارەسەر بکرێت، ھەروەھا بابەتێکی دیکە کارەبای پریپەید کە نرخەکەی گرانە لەئێستادا، بەڵام پێمان وایە ئەو سیستەمە باش و سەرکەوتووە و خەڵک دەست بەکارەباوە دەگرێت، بەڵام ھاوتاکردنی لەگەڵ بازرگانی زۆرە و لەماوەی رابردوو لە بازاڕی لەنگە و شوێنی دیکە جێبەجێ کراو خەڵک زۆر دڵی پێخۆشەوە و دەزانێت بازرگانییە و دەستی پێوە دەگرێت، بەڵام بۆ شارەکان ئەو نرخە زۆرە و پێویستە گونجاو بێت، چونکە نیشتەجێبوون و بازرگانی لێک جیاوازن".
بڵند ئیبراھیم




