ئەگەر حزبڵا بۆشایەتییەكی شوێنی پەكەكە پڕ بكاتەوە چی دەبێت؟
جان دۆندار
لە قۆناخی چارەسەریدا سیاسەتی كوردی خاوەن ترس و گۆمانێكە ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر لە كاتی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكەدا حزبڵا شوێنی پەكەكە بگرێتەوە چی دەبێت؟ ئەمە ترس و گۆمانێكی سیاسەتی كوردییە و پێم وایە زۆر لە جێگای خۆیدایە.
لە حەفتەی داهاتوودا دیاربەكر نەورۆزێكی مێژوویی پیرۆز دەكات. لە رۆژی 21ی ئاداردا لە شار و شارۆچكەكانی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵدا كەس نامێنێت و هەر كەس روو لە دیاربەكر دەكات. بۆ مەبەستی گفتووگۆ كردنی ئامادەكارییەكان و وەرگرتنی رێوەشوێنی پێویست چەند رۆژ لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی توركیا لە سەر داواكاری سەرۆك وەزیر سەردانی دیاربەكری كرد و بۆ یەكەمینجار لەگەڵ سەرۆك شارەوانی گەورەی دیاربەكر عوسمان بایدەمیردا كۆ بوویەوە. لە دوای كۆبوونەوەكەدا داوود ئوغڵۆ دیار بوو لە ئەنجامەكانی كۆبوونەوەكە زۆر خۆشحاڵ بوو هەر بۆیە وتی" خوا محبەت و برایەتیمان بەردەوام بكات.
لە بەرامبەریشدا عوسمان بایدەمیر پەیامێكی بەمجۆرەی پیشكەشی وەزیری دەرەوەی توركیا كرد" توركیا چۆنە خاوەنداریەتی لە توركەكانی باكووری قوبرس، سووریا و كەركووك دەكات دەبێت هەر بەو شێوەیش خاوەنداریەتی لە كوردەكان بكات. دیارە ئەم پەیامەی عوسمان بایدەمیر زۆر بە دڵی وەزیری دەرەوەی توركیا بوو و وا بزانم یەكێك لە ئارمانجەكانی سەردانی داوود ئوغڵۆ بۆ دیاربەكر بیستنی پەیامێكی بەمجۆرە لە لایەن هاووڵاتییە كوردەكانەوە بوو.
مەسەلەی پەیەدە مەسەلەیەك بووە كە تا ماوەیەك لەمەوبەر ببوو هۆكاری ناكۆكی لە نێوان توركیا و كوردەكاندا. پەیەدە كە باڵی سووریا پەكەكەیە لە سەرەتای دەست پێكردنی شەڕی سووریاوە تا چەند حەفتەیەك لەمەوبەر توانی خۆی و ناوچە كوردییەكان لە شەڕی نێوان سووریا و سوپای ئازادی سووریا بپارێزێت و خۆیان تێكەڵی ئەم شەڕە نەكەن. لەم نێوانەیشدا توركیا پەیەدەی بەوە تاوانبار دەكرد كە پشتگیری لە رژیمی بەشار ئەسەد دەكات. بەڵام زۆری نەخایاند كە بۆ توركیا روون بوویەوە كە پەیەدە و كورد بە گشتی لە سووریا بە هیچ شێوەیەك پشتگیری لە رژیمی ئەسەد ناكەن و متمانەیشیان بە سوپای ئازادی سووریا نییە.
هەر چەند پەیەدە و كورد لە سووریا متمانەیشیان بە سوپای ئازادی سووریا نەبێت بەڵام چەند حەفتەیەك لەمەوبەر پەیەدە و هێزە سەربازییەكانی سەر بە پەیەدە لەگەڵ سوپای ئازادی سووریادا رێكەوتنێكیان لە دژی رژیمی ئەسەد مۆر كرد و بە پێ ئەم رێككەوتنە پەیەدە شان بە شانی سوپای ئازاد شەڕی رژیمەكەی بەشار ئەسەد دەكات.
پەیەدە توانی بەبێ شەڕ زۆربەی هەرە زۆری ناوچە ستراتیژیكییەكانی باكووری سووریا بخاتە ژێر كونترۆڵی خۆیەوە و لە بەرامبەریشدا توركیا هەڕەشەی ئەوەی دەكرد كە بە هیچ شێوەیەك دەرفەت نادات كە لە باكووری سووریادا هیچ جۆرە پێكهاتەیەك بێتە ئاراوە بەڵام لە لایەن لایەنە جوراوجۆرەكانی نێو سووریایشەوە توركیا ئاگادار دەكرایەوە كە ئەمە مەسەلەیەكی ناوخۆیی سووریایە پێویستە توركیا لە جیاتی دەستوەردانی كردن لە كاروباری ناوخۆیی سووریا كێشەكانی ناوخۆیی خۆی چارەسەر بكات.
مۆر كردنی پەیمانی دژی رژیمی بەشار ئەسەد لە لایەن پەیەدە و سوپای سووریای ئازادەوە بوو بە هۆكاری گۆڕانی سیاسەتی توركیا لە بەرامبەر پەیەدە. هەر كەس دەزانێت كە یەكێك لە فاكتەر و پێكهاتە سەرەكییەكانی سووریای نوێ كورد و هاووڵاتییە كوردەكانن هەر بۆیە توركیا سەرقاڵی ئەوەیە كە ئامادەكاری بۆ قەبووڵ كردنی نوێنەری رەسمی پەیەدە لە توركیایە و ئەگەر رۆژێكیش هات كە نوێنەرایەتی پەیەدە لە ئانكارا كرایەوە نابێت هیچ سەرمان سۆڕ بمێنێت.
ئایا كورد متمانەی بە ئەردۆغان هەیە؟
كاتێك كە داوود ئوغڵۆ و عوسمان بایدەمیر لە دیاربەكر دەستیان لە نێو دەستی یەكتردا بوو و لە نێو بازاری دیاربەكردا پیاسەیان دەكرد هاوسەرۆكی بەدەپە گۆڵتەن قشناقیش لە ئەستەنبووڵ سەبارەت بە پێشینارەكەی سەرۆك وەزیری توركیا لە دەور هێنانی سیستەمی سەرۆكایەتی بۆ توركیا وتی" ئێمە وەكو بەدەپە پشتگیری لە پێشینارێكی بەمجۆرە دەكەین.
ئەم پەیامەی گۆلتەن قشناق بەشێكە لە پەیامەكانی ئوجەلان و مانای ئەوەیە كە ئەگەر بە راستی ئەردۆغان پرسی كورد چارەسەر بكات ئەوا كورد بەو پەڕی هێزی خۆیەوە پشتگیری لە پێشنیاری هێنانی سیستەمی سەرۆكایەتی بۆ توركیا دەكات و ئەمەیش یەكێكە لە ئارمانجە هەرە سەرەكییەكانی سەرۆك وەزیری توركیا.
متمانەی سیاسەتی بەدەپە لە بەرامبەر سەرۆك وەزیری توركیا دوو ساڵی رابردوو لاواز بوو. كاتێك كە سەرۆك وەزیری وتی: ئەگەر من بووبام ئوجەلانم ئیعدام كردبا.
سیاسەتی بەدەپە لە بەرامبەر هەنگاوەكانی ئەم دوایەی سەرۆك وەزیر سیاسەتێكی راوەستە و سەیر بكەیە. چوونكە بەدەپە وا بیر دەكاتەوە كە سەرۆك وەزیر هیچ پلانێكی بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد نییە بەڵام بۆ ئەوەی كە سیستەمی سەرۆكایەتی لە توركیا جێگیر بكات ناچارە پرسی كورد چارەسەر بكات. بەو ماناییە كە ئەردۆغان نە لە سەر ویست و داواكاری خۆی بەڵكۆ لە رووی ناچارییەوە دەیەوێ پرسی كورد چارەسەر بكات. هەر بۆیە بەدەپە هێشتاكە متمانەیەكی باشی بە ئەردۆغان نییە.
بەدەپە دەڵێت كە: ئەردۆغان دەیەوێ چەكەكان بێدەنگ بكات و دواتریش بەدەپە لاواز بكات و بۆ خۆیشی خۆ بكاتە سەرۆككۆماری توركیا. بەڵام بە هۆی ئەوەیەوە كە قۆناخی نوێ لاواز نەبێت زۆر باسی ئەم مەسەلەیە ناكەین.
خاڵێكی دیكە كە سیاسەتی كوردی زۆر لێ دەترسێت مەسەلەی كێشانەوەی هێزە چەكدارییەكانی پەكەكە و قۆناخی دوای كێشانەوەیە. بەدەپە، قەندیل و ئەورووپا ( مەبەست باڵی ئەورووپای پەكەكەیە) وا بیر دەكەنەوە كە ئەردۆغان دەیەوێ هەوڵ بۆ ئەوە بدات تا پەكەكە ناچار بكرێت كە هێزەكانی خۆی لە نێو سنوورەكانی توركیادا بكێشێتەوە و دواتر وردە وردە هێزەكانی حزبڵا بۆ سەركوت كردنی سیاسەتی كوردی لە شوێنی هێزەكانی پەكەكەدا جێگیر بكات.
ئەم مەسەلەیە نەتەنیا بۆ كورد و سیاسەتی كوردی مەترسیدارە بەڵكۆ بۆ توركیایش مەترسی یەكجار زۆری هەیە. چوونكە ئەو حزبڵایە كە لە ساڵەكانی دەهەی نەوەددا خۆی ناسناندووە لە ئەلقاعێدە و تاڵبان توندرەوتر و توندوتیژپارێزترە. هەر بۆیە ئەگەر پلانێكی بەمجۆرەی ئاكەپە هەبێت ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە توركیایش بەرەو عاقارێكدا بچێت كە دووچاری چارەنووسی وڵاتێك وەكو ئەفغانستان ببێـت.
سەرچاوە. میللیەت




