لە شیلادزێ ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن
__2023_08_17_h19m46s14__HK.jpg)
بەڕێوەبەری شارەدێی شیلادزێ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێن و بەرەو کۆتایی دەچن ھەروەھا پڕۆژەیەکی ستراتیژی گەشتیاریش جێبەجێ دەکرێت، بڕیاریش لەسەر دروستکردنی یاریگایەک بۆ یانەی شیلادزێ دراوە.
ڕزگار سارکی، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ئەمساڵ لە سنووری شیلادزێ سێ قوتابخانە نوژەن کراونەتەوە و قوتابخانەیەکی نوێش دروست کراوە، ھەروەها بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک و ١٦٠ ملیۆن دیناری عێراقی پڕۆژەی شەقامەکانی ناحیەکە قیڕتاو و کۆنکرێت کراون، ڕێژەی جێبەجێ کردنیان گەیشتووتە سەرەوەی ٩٠%، ئێستا ھاووڵاتیانی سنوورەکە سوودمەندن لەو جادانەی قیرتاوکراون یان کۆنکرێت کراون.
بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ گوتیشی: پڕۆژەی کۆڕنیشی ڕووی شین جێبەجێ دەکرێت کە پڕۆژەیەکی گەشتیاری و ستراتیژییە بۆ سنووری قەزای ئامێدی بە گشتی و ناحیەی شیلادزێ بەتایبەت، چونکە جگە لە ڕووی گەشتیاری جوانییەکی زۆریش دەبەخشێتە سەنتەری ناحیەی شیلادزێ، لیژنەیەکیش پێکھاتووە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
ڕزگار سارکی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پلانمان ھەیە بۆ پڕۆژەی زیاتر و خزمەتی زیاتری خەڵکی دەڤەری شیلادزێ، لەوانەش بڕیار لەسەر دروستکردنی یاریگایەکی سەردەمیانە بۆ یانەی شیلادزێ دراوە، ئەوەیش دەستکەوتێکی دیکەیە بۆ خەڵکی شیلادزێ و وەرزشوان و جەماوەری وەرزشی سنوورەکەمان.
قائید میرۆ




