وەزارەتی کشتوکاڵ: بەردەوامین لە قەدەغەکردنی بەرھەمی دەرەکی
__2023_08_17_h18m50s33__HK.jpg)
وەزارەتی کشتوکاڵ بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ چەند بەرھەمێکی بیانی قەدەغە دەکات. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێ: ھەر بەرھەمێکی ناوخۆ بگاتە بازاڕ لە بەرامبەردا بەرھەمی بیانی قەدەغە دەکرێت.
ھیوا عەلی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە پێناو پاراستنی بەرھەمی ناوخۆ و چارەسەرکردنی کێشەی بازاڕ بۆ بەرھەمی ناوخۆ وەزارەتی کشتوکاڵ رۆژنامەی کشتوکاڵی ئامادەکردووە و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕالیش ھەیە بۆ ئەوەی لەکاتی گەیشتنی ھەر بەرھەمێکی ناوخۆ ھاوردەکردنی ھەمان بەرھەمی بیانی قەدەغەی بخرێتە سەر و ڕێگە نەدرێت بێتە ناو بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان.
ساڵانە لە کاتی پێگەیشتنی ھەر بەرھەمێکی خۆماڵی لەبەرامبەردا بەرھەمی دەرەکی قەدەغە دەکرێت.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: لەو کاتەی بەرھەمی ناوخۆ کۆتایی دێت ڕێگە بە ھاوردەکردنی بەرھەمی دەرەوە دەدرێت و باجی دەخرێتە سەر، ئەمەیش لەپێناو پاراستنی بەرھەمی کوردستان و کۆمپانیاکانی ناوخۆ تا کێشەی بە بازاڕکردنیان نەمێنێ.
ھیوا عەلی ڕوونی کردەوە: لەبارەی چوونی بەرھەمی ناوخۆی ھەرێم بۆ پارێزگاکانی دیکە، هەناردە کردن بەردەوامە، چونکە ھەر بەرھەمێکی ناوخۆی کوردستان پی بگات بەشی بازاڕی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش دەکات، لەبەر ئەوەش زۆربەی بەرھەمی جووتیارانی ئێمە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراقیش دەچێت.
قائید میرۆ




