سکرتێری بزوتنەوەی نیشتمانی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی دەکات

هەولێر -KDP.info- سکرتێری بزوتنەوەی نیشتمانی، بەبۆنەی ٧٧ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەکتەبی سیاسیی دەکات و، دەڵێ، بەڕێزتان ڕۆڵی کاریگەریتان دەبێت لەو بابەتە چارەنوسسازانەدا بە تایبەت یەکخستنەوەی ماڵی کورد هەمولایەکیش هاوکار و پشتیوان دەبێت.
دەقی پیرۆزباییەکە:
بەڕێز/ جەنابی سەرۆک کاک مەسعود بارزانی
بەڕێزان/ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
ب/ پیرۆزبایی
بەبۆنەی یادی (٧٧) ساڵەی دامەزراندنی (پارتی دیموکراتی کوردستان) بەناوی خۆمان و (بزوتنەوەی چاکسازی نیشتیمانی) بەگەرمی پیرۆزباییتان لێدەکەین، هیوادارین خەباتی دەیان ساڵەی پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتە هۆکاری یەکخستنەوەی ماڵی کورد و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بەرامبەر ئەگەر و پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتوو.
یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدایە گەلەکەمان و ئەزمونەکەمان لەبەردەم مەترسی و ئاڵنگاری ڕاستەقینەدایە بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەپێی دەرکەوتە (سیاسی و ئابوری و یاساییەکان).
بۆیە دەخوازین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وێستگەیەکی جدی بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و، گەلەکەمان بە یەکهەڵوێستی و یەکگوتاری بتوانێت پێداگیری لەسەر بە دەستهێنانی مافە دەستوورییەکانی خۆی بکات و چارەسەری قەیرانی هاوڵاتیان بکات، هەروەها بە یەکگرتوویی قۆناغی رزگاری نیشتمانی تێپەڕێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێزتان ڕۆڵی کاریگەریتان دەبێت لەو بابەتە چارەنوسسازانەدا بە تایبەت یەکخستنەوەی ماڵی کورد هەمولایەکیش هاوکار و پشتیوان دەبێت. جارێکی تر پیرۆزبایتان لێدەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین...هەرشاد بن
بێرون عمر فتاح
سکرتێری بزوتنەوەی چاکسازی نیشتمانی




