٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ڕێوڕه‌سمێكى ماڵئاوایى بۆ كونسولى ئه‌مه‌ریكا ڕێكده‌خات

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2023/8/15 سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان به‌بۆنه‌ى كۆتاییهاتنى ئه‌ركییه‌وه،‌ ڕێوڕه‌سمێكى ماڵئاوایى بۆ به‌ڕێز ئیرڤن هیكس ‏جوونیه‌ر كونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریكا ساز كرد.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێز مسته‌فا سه‌ید قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان و دیپلۆماتكاران و نوێنه‌رانى وڵاتان له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، به‌ڕێز فه‌وزى هه‌ریرى، سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان وته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى ڕۆڵ و ماوه‌ى ئه‌ركى به‌ڕێز كونسوڵى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد.

به‌ڕێز سه‌رۆكى دیوان له‌ وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌ كار و هه‌وڵه‌كانى به‌ڕێز كونسوڵى گشتیى ئه‌مه‌ریكا كرد كه‌ وه‌ك دۆستێكى دڵسۆزى گه‌لى كوردستان، به‌رده‌وام كارى جددى كردووه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و ئه‌رك و ماندووبوونى به‌ مایه‌ى پێزانینى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێز سه‌رۆكى دیوان هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتیگرى و هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ باسى له‌ ڕۆڵى كارا و ئه‌رێنیى به‌ڕێز ئیرڤن هیكس ‏جوونیه‌ر كونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریكا كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌رك و كارى نوێیدا بۆ خواست.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ئیرڤن هیكس ‏جوونیه‌ر كونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریكا، سوپاس و پێزانینى بۆ پشتگیریى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕێکخستنى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ ده‌ربڕى و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ بۆ هه‌میشه‌ خۆى به‌ دۆستێكى دڵسۆزى هه‌رێمى كوردستان ده‌زانێت، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگیى یه‌كگرتوویى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار