٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان: پارتی فاکتەری پێکەوەژیان و ئاشتی و تەباییە بۆ پاراستنی یەکڕیزی جەماوەر و لایەنە سیاسییەکان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٧٧)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکیاندا وێڕای پیرۆزبایی کردنیان، دەڵێن، پارتی توانیویەتی بەشداری بزاڤی کوردایەتی و سیاسی لە هەموو بەشەکانی کوردستان بکات و فاکتەری سەرەکی و کاریگەر بووە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی و پاراستنی یەکڕیزی جەماوەر و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بۆ بەڕێز مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان PDK

بابەت: پەیامی پیرۆزبایی

سڵاوی سەرخۆبوون و ئازادیی

بەبۆنەی (٧٧)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان PDK، بە ناوی خۆمان و تەواوی ئەندام و دۆست و لایەنگرانی یەکێتیمان YNDK جوانترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین.

بەڕێزان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان وەک پێویستییەکی مێژوویی و سیاسی هاتە دامەزراندن، بەدرێژایی تەمەنی پڕ خەبات و تێکۆشانی بێوچانی لە خەبات و بەرخۆداندایە، توانیویەتی رێبەرایەتی چەندین شۆڕش و ڕاپەڕێنی نەتەوەکەمان لە کوردستان بکات، لە هەمان کاتدا توانیویەتی بەشداری بزاڤی کوردایەتی و سیاسی لە هەموو بەشەکانی کوردستان بکات و فاکتەری سەرەکی و کاریگەر بووە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و تەبایی و پاراستنی یەکڕیزی جەماوەر و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، لەم قۆناغە هەستیارەی ئەمڕۆش کە کوردستان و عێراق و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە یەکڕێزیی و یەکگوتاری سیاسی هەیە، لە پێناوەدە پێویستە بە هەموو لایەکمان کاربکەین و ناوەندی سیاسی کوردستان رێکبخەینەوە، بۆ ئەمە PDK دەتوانێت رۆڵێکی کارا ببینێت، یەکڕیزیمان زامنی سەرکەوتنمانە و فاکتەرێکی بەهێزیشە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان و بەرەنگاربوونەوەی پیلان و هێرشە ناڕەواکانی دوژمنان و داگیرکەران دژی کوردستان.

لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە سەر زیاتر توندوتۆڵکردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان، لە پێناو زیاتر خزمەتکردنی جەماوەری کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانمان کە بەری ڕەنجی خەبات و تێکۆشانی جەماوەر و پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانمانە.. هەر سەرکەوتوو بن.

لەگەڵ رێزمان

 

مەکتەبی سیاسیی

یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK

16-8-2023

 

هەواڵی پەیوەندیدار