Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور: بە ھیچ شێوەیەک ھێزی پێشمەرگە ھیچ کەسێکی رۆژئاواییان نەکوشتووە

هەولێر-تایبەت بە KDP.info / فەرماندەیەکی پاسەوانی سنووری دەڵێت، ھیچ کەسێکی رۆژئاوای کوردستان بە دەستی ھێزەکانی پێشمەرگە نەکوژراوە، بەڵکوو لەودیوی سنوورەوە(ژێر دەستەڵاتی پەیەدە) گەنجێک کوژراوە.

 

فەرماندەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور، عەقید دلێر فەرزندە زوبێر، بەkdp.infoـی ڕاگەیاند: شەوی رابردوو لەودیوی سنوورەوە تەقە لە گەنجێکی رۆژوای کوردستان کراوە و بریندار بووە و ھێزەکانی ئێمەش توانییان ئەو گەنجە بگەیەننە نەخۆشخانە، بەڵام بە ھۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا.

عەقید دلێر فەرزندە زوبێر گوتیشی: بە ھیچ شێوەیەک ھێزەکانی ئێمە تەقەیان لەو گەنجە نەکردووە، بەڵکوو لەودیوی سنوور تەقەی لێ کراوە کە ھێزەکانی تورکیا و پەیەدەی لێیە، كە شوێنەکە پێی دەگوترێت سێگۆشە و لەناو ئاوی دیجلە ئەو گەنجە بریندار کراوە.

ئەو فەرماندەیەی ھێزەکانی پێشمەرگە راشیگەیاند: ئێمە تەنیا ھاوکاریی ئەو گەنجەمان کردووە بۆ ئەوەی بیگەیەنینە نەخۆشخانە و ژیانی رزگار بکەین، بەڵام برینەکەی سەخت بووە، بۆیە گیانی لە دەست داوە.

گوتیشی: ئەو گەنجەی کە کوژراوە ناوی (مەولوود نەزیر حوسێن)ـە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند سەرچاوەیەکی ھەواڵ بڵاویان کردووەتەوە كە گوایە لەسەر سنووری نێوان ھەرێم و سووریا، گەنجێکی رۆژئاوا بە دەستی ھێزەکانی پێشمەرگە کوژراوە.

 

بڵند ئیبراھیم